ماڵپەڕی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس و چۆڵکردنی رەفەح ئەنجامداوە. دەشڵێت" بایدن دەنگی بەسەر ناتانیاهۆدا بەرزکردووتەوە".
ماڵپەڕی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێ کردنی زۆر پرسی پەیوەندیدار بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و ئاوارەکانی غەزە لەرەفەح.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ئەمریکا
هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە شاری رەفەح و جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت بەبێ
پلان هێرشبکرێتە سەر ئەو شارە و دەبێت گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی پارێزراوبێت.
ماڵپەڕەکە
باسی لەوەش کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتەکەی بایدن و حکومەتی ئیسرائیل رۆژ
بە رۆژ بەرەو خراپبوون دەڕوات و بایدن نیگەرانە لەو ژمارە زۆرەی کوشتن و
برینداربوون لە جەنگەکەدا.
ئەوەشی خستووەتە روو، لە
پەیوەندییەکەدا، بایدن بە ناتانیاهۆی وتووە دیدی ئەمریکا لەسەر رەفەح جێگیر و
روونە و نایانەوێت ئیسرائیل لەشکرکێشییەکانی بباتە ئەو ناوچەیە و پێیان باشە
ئیسرائیل لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەردەوامبێت لە هێرشەکانی.
ماڵپەڕەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی
نێو کۆشکی سپییەوە ئاشکراشی کردووە، لە دوای هێرشەکە بایدن بێزار و مانوو بووە و
توشی دڵەڕاوکی بووە.
هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە،
پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن و ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئیسرائیلدا
پرسی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس تاوتوێ کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژی
رابردوو ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ، کە کارکردن لەگەڵ قەتەر
و میسر و ئیسرائیل بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی
نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.