سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستی پێ کردووە، بەڵام تێچووی دەرهێنانی نەوت و کرێی بۆری گواستنەوە هۆکاری رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدان.
ئەمڕۆ دووشەممە، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، تێچووی دەرهێنانی نەوت و کرێی بۆری گواستنەوەی نەوتەکە هۆکاری رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا و دەست پێ نەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێم داوا دەکات بڕی ٢٨ دۆلار تەرخان
بکرێت وەک تێچووی دەرهێنانی نەوت( کرێی کۆمپانیاکان)، بەڵام عێراق رایگەیاندووە کە
تەنها حەوت دۆلار خەرج دەکەن، ئەوەش بووەتە بەربەستێکی بەردەم رێککەوتنەکە چونکە
جیاوازییەکە زۆر زۆرە.
ئەوەشی خستووەتە روو، هەفتەی رابردوو وەفدی
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کردووە و داوایان
کردووە کە تێچووی کۆمپانیاکان زیاد بکرێت،
دیارە عێراقیش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان و قوڵایی بیرە
نەوتەکان وای کردووە کە دەرهێنانی نەوت لە هەرێم سەختترە و کۆمپانیاکان پێویستیان بە
کاری زیاتر هەیە، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە هەرێم داوای دەکات.
باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا هەردوو لا
نەرمییان نواندووە کە لەسەر ژمارەیەک رێک بکەون و هەردوو لا هاوڕان کە بۆ هەر
بەرمیلێک ١٤ دۆلار بێت، ئەوەش لەسەر بنەمای دیاریکردنی ئەو ٢٠ ترلیۆن دینارەی لە بودجەدا
دیاری کراوە بۆ خەرجی کەرتی بەرهەمهێنان و چاکسازی لە کەرتی نەوتی عێراق.
ئەوەشی روون کردووەتەوە، هۆکاری دووەمی
دەست پێ نەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کرێی بۆری گواستنەوەیە، بەوپێیەی هەرێم دەڵێت
بۆ هەر بەرمیلێک کرێی گواستنەوە لە رێگەی بۆری حەوت دۆلارە، بەڵام عێراق بەهەمان بۆری
بە دۆلارێک و بیست سەنت بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خۆی دەگوازێتەوە، کەجیاوازیەکە زۆر
زۆرە.
بە واتایەکی دیکە، ئەو کۆمپانیای
گواستنەوەی نەوتە هەر بەرمیلێک بە شەش دۆلار و شەست سەنت زیاتر لەوەی عێراق دەگوازێتەوە،
کە ئەمەش گومانی لای بەرپرسانی عێراق دروست کردووە کە ئەو پارە زیادەیە بۆ کۆمپانیاکانی
پارتی وبێشکتاشی تورکی بێت بەهاوبەشی، کە ئەمەش گەندەڵی و بەهەدەردانێکی گەورەیە و
لای حکومەتی عێراق قبوڵکراو نییە.
دەشڵێت، عێراق ماوەیەکە سەرقاڵی
دروستکردن نۆژەنکردنەوەی بۆری سەرەکی گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق – تورکیایە بۆ
بەندەری جەیهان، لەئێستاشدا تەنها ١٢٩ کیلۆمەتر
ماوە تەواو ببێت، ئەوکات عێراق دەتوانێت سەرجەم نەوتی باکور بە نەوتی هەرێمی
کوردستانیشەوە لە رێگەی ئەو بۆریە هەناردە بکات و هیچ پێویستییەکی بە بۆری هەرێم
نابێت، کە بە پارەی حکومەت دروست کراو بەناو فرۆشرایە کەرتی تایبەت.