ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ ساڵ تێپەڕی بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، کە لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە شاری کەلار لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا و لە باوەشی دایکیدا تیرۆرکرا.
رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی پێش تیرۆرکردنی چەندین جار لە بەرامبەر وتنی راستی و ئاشکراکردنی گەندەڵی دەسەڵاتداران رووبەرووی هەڕەشەی گرتن و کوشتن ئەشکەنجەدان بووەتەوە.
کەسوکارەکەشی
باس لەوە دەکەن، کاوە گەرمیانی لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و خستنەڕووی بەهەدەردانی
سامانی گشتی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، تیرۆر کرا بۆیە لە خوێنی خۆش نابن.
هاوکات،
بە بڕیاری دادوەر، کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە سزای هەتاهەتایی بۆ دەرکرا
و تۆمەتبارەکانی دیکەش بەهۆی نەبوونی بەڵگە لە دژیان، ئازاد کران، دواتریش بە بڕیاری
دادوەر کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی داخرا.
بەڵام لای
کەسوکاری کاوە گەرمیانی، کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە و داوای ئاشکرا کردنی دەستی
پشت تیرۆرکردنی کاوە دەکەن.
کاوە گەرمیانی
، یەکەمین ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراوی کوردستان نەبووە و لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا،
چەندین رۆژنامەنووسی وەک رەئووف ئاکرەیی، سۆران مامە حەمە و سەردەشت عوسمان تیرۆرکراون
و ئێستاش هەریەک لە رۆژنامەنووسان سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و
قارەمان شوکری لەسەر وتنی راستی زیندانی کراون.