سەردێڕ:

سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بەپاریزگاکردنی هەڵەبجە دەدات

PM:04:50:29/09/2023

10208 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت.


پاش ئەوەی لە دوو کۆبوونەوەی رابردوودا پرۆژەیاسایی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نەخرایە دەنگدانەوە بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەینێدا دەنگی لەسەر بدرێت.

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێش دەڵێت، ١٧ نوسراویان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە و رەزامەندی حکومەتی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە وەرگرتووە و لەسەر داوای ئەوان رەوانەی پەرلەمان کراوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت لە ١٢ـی ئازاردا فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، وەزارەتی پلاندانان رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندکردووە و وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و "سیمبولی" ژمارە ١٦ـی پێدراوە.

دواتریش، لەسەر داوای نەوەی نوێ؛ وەزارەتی پلاندانی عێراق نووسراوی جێبەجیکردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد و پاش پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.

لە رۆژی ١٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک داوای پەیوەست بە هاوڵاتییانی هەرێمیان پێشکەشی حکومەتی عێراق کرد لە ناویاندا بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەبوو. و دواتر محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد.

پارێزگای هەڵەبجە کە ناوەندەکەی شاری هەڵەبجەیە، دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی ٤٦ پلەی رۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانیی ٣٥ بۆ ٣٦ پلەی باکوور. بە دووری ٨٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە.

هەڵەبجە لە ساڵی ١٨٨٩دا کراوە بە قەزا و لەدوای نەجەفەوە دووەم قەزای عێراق بوو لەو کاتەدا، دواتر ١٣ی ئازاری ٢٠١٤دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچوو.


 

 













گەلەری