بڕیارە سبەی بڕی ٩٠٦ ملیار دینار بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بنێردرێت و دوای وردبینی و چاودێریکردنی حکومەتی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندی هەرێم بە رێککەوتنەکان، لە دوای مانگی ئابەوە کێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەردەبێت.
بەپێێ زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بڕیارە سبەینێ لەگەڵ کردنەوەی فەرمانگە حکومییەکانی عێراق دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت و بڕی ٩٠٦ ملیار دینار بنێردرێت و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش بەکاربهێنرێت.
لە ماوەی مانگی ئابدا
حکومەتی عێراق چاودێری حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم دەبێت تاوەکو بزانێت چەندێک
پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا دەبێت و تا چەند هاوکار دەبێت بۆ رادەستکردنی
داهاتی نەوتی و نانەوتی.
دوای ئەوەی پرۆسەی چاودێری
و وردبینی کۆتایی هات، لە کۆتایی مانگی ئابدا حکومەتی عێراق تەواوی گوژمی پشکی
مانگانەی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق رەوانەی هەرێم دەکات و لەوە بەدواوە موچەی
هاوڵاتیانی هەرێم دواناکەوێت و بۆ ئەوەی رۆژمێری موچەی فەرمانبەرانیش رێکبکرێتەوە
پێویستە لە یەکێک لە مانگەکانی ئەمساڵدا دوو مووچە دابەشبکرێت.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت،
لە رۆژی چوارشەممە شاندی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەدا لەگەڵ
حكمومەتی عێراقی رێککەتوون و داهاتی نەوتی و ٥٠٪ی داهاتی خاڵە سنورییەکانیان
رادەست دەکەن و لە بەرامبەردا بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە دەنێرێت.
پێشتریش چاوگێک لە
وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بڕی ٩٠٦ ملیار دینار لەلایەن
حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت و لە ماوەی ١٠ رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران
دابەشدەکرێت.
گۆران عەبدوڵا، بەغدا