سەردێڕ:

نەوەی نوێ: بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت دەبەینە دادگای فیدڕاڵی

PM:12:15:12/06/2023

3228 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت لە بودجەدا دەبەنە دادگای فیدڕاڵی و لەوێ تانەی لێدەدەن.


فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕگەکە دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی ٢٢٩ پەرلەمانتار لە نزیک کاتژمێر ٥ی بەرەبەیان پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەندکرا و تێپەڕێندرا. هاوکات، هەریەک لە ماددەکانی ٤ و ٢٢ و ٤٢ و ٦٤ لە پرۆژەیاساکەدا لابران.

پێشتر نەوەی نوێ بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی لە ماددەی ١٤دا جێگیرکردبوو. فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ٦ی نیسان داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد بە گەڕاندنەوەی رێژەیەک لە پاشەکەوتی موچە و دواتریش بەواژۆی ٦٠ پەرلەمانتار داوای کرد بڕگەیەک بۆ پرۆژە یاسای بودجە زیاد بکرێت کەوا حکومەتی هەرێم ناچار بکات، مانگانە بە ڕێژەیەک لە ١٠٪ کەمتر نەبێت موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

دواتر لە ٩ی ئەم مانگەدا رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
دواتریش هەر لە ٩ی مانگدا، 
جارێکی دیکە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ٦٦ واژۆی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بڕگەی پاشەکەوتی موچە بخرێتە دەنگدانەوە کە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ واژۆیان کردبوو.


هـ.ئـ













گەلەری