سەردێڕ:

کاری بەرهەمهێنانی غازی گەورەترین کێڵگەی عێراق درا بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی

PM:06:12:25/05/2023

2148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراقی لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی رێکەوتنێکیان واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی عوکازی رۆژئاوای عێراق.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی رێککەوتوون بۆ بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی عوکاز.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئامانج لەو رێککەوتنە گەیشتنە بە وزەی بەرهەمهێنانێک کە بڕەکەى بگاتە ١١ ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە.

باس لەوەش کراوە، رێککەوتنێکی دیکەی بنەمادار لەگەڵ سعودییە واژۆکراوە و تایبەتە بە وەبەرهێنان لە پڕۆژەی نبراس کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگە ستراتیژییەکانی پیشەسازی پترۆکیمیایی لە عێراق و ناوچەکە.

کێڵگەی عوکازی غازیی، دەکەوێتە باشوری شاری قائم لە بەشی رۆژئاوای عێراق و گەورەترین کێلگەی غازی سروشتی عێراقە.

ئارامکۆ کۆمپانیایەکی سعودییە و لە بواری نەوت و غازی سروشتی و پترۆکیمیایی و کاروباری پەیوەست بە گەڕان و بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و دابەشکردن و گواستنەوەى سەرچاوە سروشتیەکانى ژێر زەوى کار دەکات و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری زەهرانە لە عەرەبستانى سعودیە.













گەلەری