پێش گیان لەدەستدانی هونەرمەند "حەمە تاڵ" داوایکرد پێکەنینی لێ نەسەننەوە و وتی، "خۆ رۆژێک دێت مردن بەرۆکی هەموان دەگرێت ئیتر با پێبکەنین." بەڵام، رەنگە خۆی بیری لەوە نەکردبێتەوە کە رۆژێک بزەکانی دڵی هەزاران کەس دەگوشێت و بۆ هەمیشە وەکو یادگارییەک لە بیریاندا دەمێنێتەوە.
هادی مەحمود، ناسراو بە "عەریف حەمەتاڵ" لە ساڵی ١٩٧٠ لە گەرەکی سابونکەرانی سلێمانی چاوی بە دنیادا هەڵهێنا و شەوی رابردوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە سلێمانی گیانیلەدەستدا.
لە سەردەمی لاوێتیدا حەز و
خولیای بۆ هونەر هەبووە، تا ساڵی ١٩٩٧ دەرفەتی بۆ نەرەخساوە بەشداری لە کاری هونەریدا
بکات لەو ساڵە بەدواوە چووەتە ناو کاری هونەرییەوە و دەستیپێکرد.
پاش دەرکەوتنی لە درامای گەردەلول
و پاشانیش لە درامای پەتریپۆت بووە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی تەلەفزیۆنی کوردی و بەردەوام
خەڵکی بە قسە خۆشەکانی دەهێنایە پێکەنین.
لە ساڵی ٢٠١٨ـەش لە رادیۆی
نالیا پێشکەشکاری بەرنامەی "چێشتەناو" بوو و تێیدا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە
لەگەڵ هاوڵاتیاندا نوکتە و قسەی خۆشیان پێشکەش بە بیسەران دەکرد.
چەند مانگێک بەر لە گیانلەدەستدانی، بەهۆی سەختی ژیان و بارودۆخی دارایی حەمەتاڵ
رادەیەک لە کاری هونەری بۆ ماوەیەک دوور کەوتبووە و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی و خێزانەکەی
لە ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا کاری بەقاڵی دەکرد.
سەرباری بارودۆخی خۆی لە وەسێتێکدا
بۆ کچەکانی دەڵێت، بە کچەکانم دەڵێم و وەسێت بێت کە شوویان کرد جگە لە ئەڵقەیەک هیچ
بارگرانییەک بۆ کوڕەکە دروست نەکەن تەنها ئەڵقەیەک داوا بکەن ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵک
بزانن شوویان کردوە و دەبێت ببنە چەتر بۆ مێردەکانیان.