سەردێڕ:

نەوەی نوێ: راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست دەکەینەوە

PM:12:08:26/03/2023

30228 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست دەکەنەوە و سەرجەم زانیارییەکانی راستن، دەشڵێت، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە درێژایی حکومرانی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە خەڵک بکات.


جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، باردودۆخی ئێستای کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە لە پاشەکشەدایە و حکومەتی ماوەبەسەرچووی ھەرێمیش بە درێژایی حوکـمڕانی خۆی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە ھاوڵاتیان بکات و گەیشتۆتە ئاستێک ھەمو کارێکی نابەجێ و نایاسایی و نادیموکراسیی پەیڕەو دەکات لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پاشەکشەی دیموکراسی و ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە سەد لە سەدی زانیارییەکان راستن و هێشتا هەندێک بابەتی تری تایبەت بە ئازادی و سیستمی دادوەریی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان باس نەکراون."

نەوەی نوێ دەشڵێت، ئەم فشارانەی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و لە پاڵیدا فشارى ناوخۆیی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم بە باشە كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى به‌دیموكراسی بوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات و ئەو فشار و غەمخۆرییەی کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی شایەنی پێزانینی زۆرە و بەهیوای چڕکردنەوەی زیاتری فشارەکان بۆ رزگارکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە دیکتاتۆریەتێکی حەتمی داهاتوو و ئەگەر ئەم فشارانە چڕ نەکرێتەوە ئەوە مسۆگەر هه‌رێمی كوردستان له‌ دیكتاتۆرییه‌تێکی حەتمی نزیك ده‌بێته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا پارتى و یه‌كێتى بەتەواویی ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى پڕۆسه‌ى دیموكراسی و ئازادیی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

نەوەی نوێ لە راگەیانراوەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی لەبارەی سەرلماندنی نادیموکراسیبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە:

١-دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسای و شەرعی.

٢-ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى دادگاكان و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتی دادوەری و کۆنتڕۆڵکردنی تاوەکو ئاستی بێبەهاکردن.

٣-سنورداركردنى مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادییه‌ سیاسیه‌كان و سەرکوتکردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزسیۆن.

٥-دەستگیرکردنی ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان.

٦-سەرکوتکردنی شێوازه‌كانى به‌شداریی سیاسیی بەنموونەی خۆپیشاندان وگردبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان.

٧-بره‌ودان به‌ كلتوره‌ نادیموكراسیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆنموونە به‌حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.


 













گەلەری