سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ پرسى گواستنەوەى کۆچبەران سەردانى روانداى کرد

PM:11:31:19/03/2023

3684 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ تاوتوێکردنى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کۆچبەرانى نایاسایی سەردانى وڵاتى روانداى کرد.


میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، سۆیلا برافرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەکەیدا بۆ رواندا و سەردانی ناوچەی بوێزا ریڤەر سایزى کردووە کە دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرە نا یاساییانەى کە بڕیارە لە بەریتانیاوە رەوانەی ئەو وڵاتە بکرێن.

بڕیارە سەردانەکەى وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ رواندا دوو رۆژ بخایەنێت و ئامانجی سەردانەکەش خێراکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە بەریتانیاوە رەوانەى ئەو وڵاتە دەکرێن. 

ئەوەش لە دواى ئەوەدێت، ساڵى رابردوو بەریتانیا و رواندا رێکەوتنێکیان بە بڕى ١٢٠ ملیۆن پاوەن ئیمزا کرد بۆ ناردنی کۆچبەری نایاسایی بۆ رواندا، بەڵام بڕیارەکە ئەو منداڵانە ناگرێتەوە کە بە تەنها و وەکو کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.

بەپێى ئامارێک تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زیاتر لە ٤٤ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگەى کەناڵى ئینگلیزەوە هەوڵى گەیشتنیان بە قاچاغ بە بەریتانیا داوە.













گەلەری