سەردێڕ:

موعین کازمی: ئەگەر هەرێم پابەندی رێککەوتن نەبێت بەغداش بەشەکەی لە بودجە نانێرێت

PM:01:59:19/03/2023

2160 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ناڕونی لە داهاتەکانی هەرێم ئەگەر هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت، حکومەتی ناوەند بەشە بودجەی هەرێم نانێرێت.


موعین کازمی پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەرێم کراوە بەوجۆرەیە کە هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتەکەی بخرێتە هەژمارێکی بانکی کە لەژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیدا دەبێت و بەپێی ئەو داهاتەش پشکی هەرێم بە ١٢.٦٪ دیاریکراوە.

 

باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانیان هەرێم رۆژانە ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات جگە لە داهاتەکانی خاڵەسنورییەکان و داهاتەکانی باج و پێویستە داهەتەکانی هەرێم لای بەغدا رونبن بۆئەوەی هەردوولا متمانەیان بە یەکتر هەبێت و لێکتێگەشتن دروست ببێت و روونی لە داهاتدا ببینرێت لە هەموو لایەنەکان و بە تایبەتیش لەرووی هەناردەی نەوت و داهاتە جیاوازەکان و ژمارەی فەرمانبەران تاوەکو خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بکرێت.

باسی لەوەشکرد، پەرلەمانتارە کوردەکان داوایان کردووە خوێندنەوەی لیژنەی دارایی بۆ پرۆژەیاسایی بودجە بخرێتە پاش پشووەکانی نەورۆز و بەوپێیەش پاش هەفتەیەکی دیکە لیژنەی دارایی پەرلەمان بەرپرسیارێتی خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاساکەی دەکەوێتە ئەستۆ.

وتیشی، دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت و لە خوێندنەوەی سێیەمدا دەنگی لەسەر دەدرێت و پێدەچێت پێش جەژنی رەمەزان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بدرێت و تێبپەڕێندرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٣ـی ئازاری ٢٠٢٣دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد و بۆ ئەمساڵ ١٠٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیۆن و ٩١٩ هەزار و ٦٣ دۆلارە و نرخی هەر بەرمیلێکی نەوتیش بە ٧٠ دۆلار مەزەندە کراوە و هەر دۆلارێکیش بە هەزار و ٣٠٠ دینار دایاریکراوە. 
لە پرۆژەیاساکەدا، پشکی هەرێم بە ١٢.٦٪ مەزەندە کراوە و هەرێم پابەند کراوە بە ئاشکراکردنی داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەکانی بۆ بەغدا. 

بەپێی پرۆژەیاساکەش پێویستە هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم راپۆرتی داهاتەکان بداتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی عێراق و دیوانی چاودێری ناوەندی و پاکتاوی هەژمارەکانیان بکەن.


 

گۆران عەبدوڵا- بەغدا 

 













گەلەری