سەردێڕ:

چۆن ئۆتۆمبێل دەدرێت بە مامۆستایان بە شێوازی قیست؟

PM:01:03:24/02/2023

87056 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی مامۆستایان و کۆمپانیایەکی بازرگانی ئۆتۆمبێلی چینی گرێبەستێکیان واژوو کرد و ئێستا مامۆستایان دەتوانن ئۆتۆمبێل بە سیستەمی قیستی مانگانە رابکێشن.


عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا مامۆستایان دەتوانن بە قیست ئۆتۆمبێل بکڕن و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژوو کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەرزترین نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ مامۆستایان دابین کراوە ٢٩ هەزار دۆلارە و بە پێشەکی هەزار دۆلار یان زیاتر مامۆستا دەتوانێت ئۆتۆمبێل رابکێشێت و وتیشی، "ئەگەر پێشەکی زیاتر بدات رێژەی قیستی مانگانەکەی کەمدەبێتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، قیستی تەواوی راکێشانی ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان بە ٥ ساڵ دەدرێتەوە و مامۆستا پێویستی بە پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان دەبێت تاوەکو لە کۆمپانیاکە ئۆتۆمبێل رابکێشێت.

هاوکات، ناڕەزاییەک لەلایەن یەکێتی مامۆستایانەوە لە گرێبەستی کۆمپانیاکە گیرا ئەویش بریتییە لەوەی ئەو مامۆستایانەی مووچەکانیان لە ملویۆنێک ١٠٠ هەزار زیاترە دەتوانن ئۆتۆمبێل رابکێشن.

بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی مامۆستایان هەوڵدەدات کۆمپانیای بازرگانی ئۆتۆمبێلەکە قایل بکات تاوەکو رێکارەکان سەرجەم مامۆستایان بگرێتەوە.
هێرش قادر - هەولێر













گەلەری