سەردێڕ:

چین سزا بەسەر دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک لە ئەمریکا دەسەپێنێت

PM:10:32:17/02/2023

2640 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەی و پێدانی چەک بە وڵاتی تایوان، حکومەتی چین بڕیاریدا سزای دوو کۆمپانیای ئەمریکی لەبواری درووستکردنی چەک بدات.


ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، سزاکانی حکومەتی چین بریتین لە سزای بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو دوو کۆمپانیایە چەک و کەرەستەی جەنگییان بەتایوان فرۆشتووە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سزاکان بەتەنها رۆژێک دوای بەڵینەکانی چین دێت کە بڕیاریدا رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرێتەبەر، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەی واشنتۆن لەبەرامبەر خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەی چین لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەوە.

لەلایەنخۆیەوە، وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی بەناوەکانی "لوکهید مارتن" و "رایسیون" قەدەغەیە کاڵا هەناردەی چین بکەن یان وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

باسی لەوەشکردووە، هەردوو کۆمپانیاکە خراونەتە لیستی کۆمپانیا متمانەپێنەکراوەکانەوە و هۆشداریدراوە لەکاروچالاکییەکانیان ئەوەش بەهۆی ئەوەی بوون بەهەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی و سەروەری خاکی چین و زیانگەیاندن بە بەرەوپێشوەچوونەکانی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی بازرگانی چین ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزاکان بەشێکن لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەبارەی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی جەنگی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەوڵاتی تایوان کە دەبنەهۆی هەڕەشە لە سەربەخۆیی و ئاسایشی نیشتیمانی چین.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس بڵاویکردەوە، کۆمپانیای "لوکید مارتن" بەشێوەیەکی فەرمی لەبواری پیشەسازی ئاسمانی و ئاسایش و ئەلیکترۆنیاتدا و تەکنەلۆجیای زانیاریدا کاردەکات، هاوکات کۆمپانیای "رایسیون" لەبواری بەرگریدا کاردەکات و خاوەن بەرهەمهێنانی گەورەترین جۆری موشەکە لەجیهاندا.

لایخۆیەوە، کۆمپانیای "لوکید مارتن" رایگەیاند، ئەوان مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهاندا دەکەن، بەڵام کۆمپانیای "رایسیون" ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان چین و ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکاش جەخت لەوەدەکاتەوە پێویستە گفتوگۆکانی نێوان دپلۆماتکارە ئەمریکییەکان و هاوبەشەچینییەکانیان بەردەوامبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو سزایانە تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا بریاریدا شەش کۆمپانیای چینی سزابدات و رایگەیاند ئەو کۆمپانیا چینیانە لەبواری هێزی ئاسمانی چیندا کاردەکەن هەموو جۆرە مامەڵەکردنێک لەگەڵیاندا رابگیرێت.













گەلەری