سەردێڕ:

دوای ٣٥ ساڵ دەروازەی سنووری نێوان ئەرمینیا و تورکیا کرایەوە

PM:07:33:11/02/2023

4372 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمین جار لە دوای ٣٥ ساڵ دەروازەی سنووری نێوان تورکیا و ئەرمینیا کرایەوە و رێگە بە هاتووچۆکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کرا لە دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز چەند ناوچەیەکی تورکیای هەژاند.


ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، پێنج بارهەڵگر کە هاوکارییان بۆ قوربانییەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بار کردبوو رێگەیانپێدرا بە دەروازەی سنووری نێوان ئەرمینیا و تورکیا تێپەڕببن.

ئاماژەی بەوەشدا، فاهان کۆستیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاندووە، هاوکارییە مرۆییەکان کە ئەرمینیا لە رێگەی پردی مرگارا لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی و تورکیا ناردوویەتی بەم زووانە دەگاتە ئەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی ١٩٨٨ یەکەمین جار ئەم دەروازە سنوورییە بۆ رەوانەکردنی هاوکاری مرۆیی لە تورکیا بۆ ئەرمینیا کرایەوە کە بەهەمان شێوە بوومەلەرزەیەک چەندین ناوچەی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیای هەژاندبوو و ژمارەی گیانلەدەستدانیش لەو رووداوە ٢٥ هەزار کەس بوو.

نیگەرانی و ناکۆکی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەگەرێتەوە بۆ رەتکردنەوەی تورکیا بە دانپێدانانی کۆمەڵکوژی ئەرمینیا لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم.

لە ساڵی رابردووش ئەو نیگەرانییانە زیادی کرد بە تایبەتی لەوکاتەی جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هەڵگیرسا، جگە لەوەش نوێنەری هەردوولا سەردانی یەکدیان کردووە بۆ چالاکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوانیاندا.

هاوکات، لە مانگی شوباتی سالی رابردووش گەشتە بازرگانییەکانی نێوان هەریەکە لە ئەرمینیا و تورکیا دەستیانپێکردەوە.













گەلەری