سەردێڕ:

زانایان زانیاری نوێ لەسەر بومەلەرزەکەی تورکیا ئاشکرا دەکەن

PM:03:59:09/02/2023

32236 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی بومەلەرزەکەی سنوری تورکیا بەدوای خۆیدا هێنای؛ زانایان رایانگەیاندووە، بەهێزی و ماوەی بەردەوامی بومەلەرزەکە سێ مەتر تورکیای بەرەو ئاڕاستەی رۆژئاوا بردووە.


بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەی سنوری نێوان تورکیا و سوریا و بەشێکی رۆژئاوا و باکوری کوردستان، کە چەندین کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەندێکیان لەبەرچاودا بەڕوونی دەبینرێن وەک ژمارەی قوربانییەکان و زیانە مادییەکان، بەڵام چەند کاردانەوەیەکی دیکەشی لێکەوتووەتەوە کە ئەوانیش لەڕووی جیۆلۆجییەوە دیاریدەکرێن.

زانایان باسیان لەوەکردووە، دوای رووداوی بومەلەرزەکە ئەو چینە تەکتۆنیەی زەوی کە خاکی تورکیای لەسەرە سێ مەتر بە ئاڕاستەی رۆژئاوا جوڵەی کردووە. ئەوەشخراوەتەڕوو، مانگە دەستکردەکان دەتوانن قەبارەی زیانەکان دەربخەن و لەرۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی بومەلەرزەکە و زیانەکانی لەرێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەخرێنەڕوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر بەپێی وتەی زاناکان، گوڕی بومەلەرزەیەک ئەگەر ٦.٩ پلەبێت بەپێی پێوەری رێختەر؛ ئەوا لەتوانایدایە مەودای یەک مەتر چینە تەکتۆنییەکانی زەوییەکە بجوڵێنێت.

زانایان ئەوەشیان ئاشکراکردووە، جوڵانی چینە تەکتۆنییەکان دەبنە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە ژێرخانی ئابوری وڵات، چونکە بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو و غاز و نەوت و هێڵەکانی کارەبا لەژێر زەوییەوە راکێشراون.

ئەمڕۆ سێ رۆژ بەسەر رووداوی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا و بەشێکی رۆژئاوا و باکوری کوردستاندا تێپەڕی، کە دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی ٧.٨ پلەی رێختەر و ٧.٥ پلە ئەو ناوچانەی هەژاند و لە هەرێمیشدا هەستیپێکرا، ئەوە سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئەم ساتە زیاتر هەزار و ١١٧ پاشەلەرزەی دیکە بە گوڕی جیاواز لەو ناوچانە تۆمارکراوە و بەشێکیان لە سەرو ٤ پلە و ٥ پلەوە بوون. بومەلەرزەکە تاوەکو ئەم ساتە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٦ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٦٨ هەزار کەسی دیکە. ئامارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان. سەرەڕای رووخانی چەندین باڵەخانە و زیان بە شوێنە گشتییەکان.

هـ.حـ

هـ.ئـ













گەلەری