سەردێڕ:

خامنەیی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەزاران زیندانیکراوی وڵاتەکەی دەرکرد

PM:09:13:05/02/2023

2704 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەزاران زیندانیکراوی وڵاتەکەی دەرکرد کە بەشێکیان لە سەرووبەندی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا دەستگیرکراون.


تەلەفیزۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، بە بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ساڵیادی شۆڕشی ئێرانەوە لێخۆشبوونی بۆ هەزاران زیندانیکراوی ئەو وڵاتە دەرکردووە.

ئەوەش هاتووە، بەشێکیش لەو زیندانیانەی ئازادکراون لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێراندا دەستگیرکراون و بەپێی ماددەی ١١٠ لە دەستووری ئەو وڵاتە بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ لە رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەک شاری گەورەی ئێران بە تارانی پایتەختیشەوە بەڕێووەچوو و چەندان خۆپیشاندەریش لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکران. کە هەندێکیان بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا و هەندێکیشیان لە زینداندا مابوونەوە.

بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی بڕیارێکە کە لە توانای سەرۆکی وڵات یان هەرێمدا هەیە و ساڵانە بەشێکی سەرۆکی وڵاتەکان، لە بۆنە نیشتیمانی یاخود ئاینییەکاندا ئەو بڕیارە دەردەکەن و بەشێکی زیندانیکراوان دەگرێتەوە کە هێشتا ماوەی حوکمەکەیان تەواو نەبووە.
عەلی خامنەییش کە لە ساڵی ١٩٣٩دا لەدایکبووە، 
دووەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە لە ساڵی ١٩٨٩ەوە لەو پۆستەدایە و جێگەی خومەینی گرتووەتەوە. خامنەیی بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران، باڵاترین دەسەڵاتدار و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیە. هاوکات، لە ئێستادا درێژترین پلەی ماوەی دەسەڵاتداری گرتووە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئـ.کـ
هـ.ئـ













گەلەری