AM:09:24:17/01/2023
6616 جار خوێندراوەتەوە
ئەپلیکەیشتنی سناپ چات ئاشکرایکردووە کە دەستبەرداری یەکێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەبێت لە کۆمپیوتەرەکاندا، کە ئەویش ئەو فلتەرانەیە کە بەکارهێنەران لەکاتی پەیوەندی تەلەفۆنی ڤیدیۆیدا بەکاریدەهێنن.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای سناپ چات ئاشکرایان کردووە، تایبەتمەندی "سناپ کامێرا" لە بەرواری ٢٥ی ئەم مانگەوە لە کۆمپیوتەرەکانی "ماک"ی سەر بە کۆمپانیای ئەپڵ و لاپتۆپە تایبەتییەکاندا لە کار دەکەوێت، بەڵام لە ئەپلیکەیشنە زیرەکەکاندا واتە لە مۆبایلدا دەمێنێتەوە.
تایبەتمەندی "سناپ کامێرا" لە ساڵی ٢٠١٨دا داهێنرا، ماوەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا بەشێوەیەکی بەربڵاو بەکارهێنەرانی زیادیان کرد.
ئەو کۆمپانیایە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە لەبارەی هۆکاری وەستاندنی ئەو تایبەتمەندییە، چاودێرانی ئەپلیکەیشتن و تەکنەلۆژیاش پێیان وایە کە دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە وەك رابردوو پێویست نەماوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی بەشێکی کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە بۆ ئۆفیسەکان و میتینگی ڤیدیۆیی کەمبووەتەوە.