سەردێڕ:

لە ژێر فشارەکاندا وەزارەتی حکومەتی ماوەبەسەرچوو وادەی کردنەوەی تونێلی دەربەندیخانی پێشخست

PM:10:02:15/12/2022

5476 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، سبەینێ هەینی کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی فشارەکانەوە خراوەتە سبەینێ.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن قائیمقامی قەزای دەربەندیخانی راسپارد بەکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لەلایەن بەشێک لە کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە سنورەکە.

ئاماژەی بەوەشداوە، "سەبارەت بە کاتی کردنەوەکە ئاگاداری سەرجەم شۆفێران و هاوڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو کە بیستراو دەکەینەوە سبەینێ رۆژی هەینی ١٦ی ١٢ی ٢٠٢٢ تونێلی دەربەندیخان لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ بەڕووی شۆفێران و هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەموو رێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە.

وتیشی، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ١٨ی ئەم مانگە، تونێلەکە بەرووی هاتوچۆی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

لە رۆژی ٢٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پاش تەحەدایەکی شاسوار عەبدولواحید بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە دوو نووسراوی فەرمیدا کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان و قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخانی کرد داوای لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و قائیمقامی دەربەندیخان کرد رێگە بدەن لەسەر ئەرکی خۆیان تونێلی دەربەندیخان نۆژەنبکەنەوە. دوابەدوای ئەوەش حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کە دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە.

تونێلی دەربەندیخان؛ قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسی دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی ٨٠٠ مەترە.













گەلەری