دوای تێپەڕبوونی ١٠ مانگ لەجەنگی نێوانیان و نزیکبوونەوەی ئاهەنگەکەکانی سەری ساڵی نوێ و جەژنی لەدایکبوونی مەسیح، ئۆکرانیا داوای ئاگربەست لە روسیا بەوبۆنەیەوە دەکات و روسیاش رەتی دەکاتەوە.
لەئێستادا هەریەکە لە روسیا و ئۆکرانیا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دانوستان و گفتوگۆ، چونکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە لە جەنگدان، جارێکی دیکە لەرۆژی چوارشەممەدا توندوتیژییەکان روویان لە کیێڤ کردەوە ئەوەش دوای هێرشێکی چڕ و بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا بۆسەر پایتەختی ئۆکرانیا.
هاوکات، لەئەنجامی هێرشەکاندا دوو باڵەخانەی حکومی زیانمەندبوون، بەڵام بەرگری
ئاسمانی بەتوندی بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا
رایگەیاند، ١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتەخوارەوە.
لەماوەی رابردوی ئەم هەفتەیەدا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرۆکی ئۆکرانیاوە
بڵاویکردەوە، وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستە روسیا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی
جەژنی لەدایکبوون و سەری ساڵی نوێوە بکشێتەوە، بەڵام روسیا ئەو پێشنیارەی رەتکردەوە
و رایگەیاند، پێویستە ئۆکرانیا دۆرانی لە جەنگەکەدا قەبوڵ بکات دەست لە ناوچە لە دەستچووەکانی
بۆ روسیا هەڵبگرێت.
لایخۆیەوە، روسیا جەنگەکە بە ئۆپەراسیۆن و مانۆڕێکی سەربازی تایبەت وەسف
دەکات و تێیدا لەڕێگەی موشەکەوە هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ئابوری و زەی ئۆکرانیا
و ئەمەش بووەتە هۆی بێبەشکردنی ئۆکرانییەکان لە وزە لە وەرزی زستاندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا
و لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا نزیکەی ٧٠ وڵات و دامەزراوە بڕیاریاندا یەک ملیار و
١٠٠ ملیۆن دۆلار لەپێناو هاوکاریکردنی ئۆکرانیادا لەرووی پاراستن و دابینکردنی ئاو
و خواردن و وزە و تەندروستی و هۆیەکانی گواستنەوە بۆ ئۆکرانیا تەرخان بکەن.