سەردێڕ:

سەڵاحەدین بابەکر: نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کۆتایی هێنانی بە زۆنی زەرد و سەوز کردووە

AM:09:46:15/12/2022

4328 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کۆتایی هێنانی بە زۆنی زەرد و سەوز کردووە، وتیشی، بە پارتی و یەکێتیمان وتووە کێشەکانتان چارەسەر بکەن با کاریگەریی خراپی لەسەر هەرێم و خەڵکەکەی نەبێت.


لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هەریەکە لە وەفدی پارتی و یەکێتی بە جیا سەردانی یەکگرتوویان کردووە و کۆبوونەتەوە و باسیان لە دوا گۆڕانکارییەکان و دۆخی سیاسی هەرێم کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی پارتیدا سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، وەفدی پارتی باسیان لەوەکرد لە دوای کۆنگرەی حیزبەکەیانەوە، بڕیاری هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ و پێداچوونەوەیان داوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، "ڕاشکاوانە بە وەفدی پارتییمان وت، کێشەکانتان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەن، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی."

سەڵاحەدین بابەکر لەبارەی گفتوگۆکانیشیاندا لەگەڵ وەفدی یەکێتیدا باسی لەوەکرد، "ئەمینداری یەکگرتوو بە قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند، پێویستە کێشەی نێوانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەن، تا لەوە زیاتر گرفت و قەیران بۆ خەڵک دروست نەبێت، لەبری ململانێ، خزمەتگوزاری بۆ خەڵک فەراهەم بکەن."

ئەو کارگێڕەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی و پارتی گلەییان لەیەکتری هەبووە، وتیشی، "پێمان وتن، ئێمە وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن حەز دەکەین کێشەی نێوانتان چارەسەر بکەن، چونکە خەڵکی کوردستان باجی ئەم بارودۆخە دەدات."

راشیگەیاند، "هەردوولایان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی ناتوانن بێ یەکتری، ئیدارەیەکی سەرکەوتووانەی هەرێم بدەن، بەرژەوەندییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن لە کۆبوونەوەی نێوانیان ئەم ئیرادەیە بۆ کردار تەرجەمە دەکەن."

سەڵاحەدین بابەکر ئەوەشی باسکرد کە جینین پلاسخارتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق چەندین جار داوای کۆتایی هێنانی بە زۆنی زەرد و سەوز کردووە.

ئەوەشی وت، "پلاسخارت دوای سێ کۆبوونەوە، نەیتوانی یەکێتی و پارتی قەناعەت پێ بکات، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدەن و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، ئەمەش پلاسخارتی نیگەران کردووە."
هـ.ئـ













گەلەری