زانایانی ئیسپانی رایانگەیاند، هۆکاری گیانلەدەستدانی بڕوسلی زیادەڕەویکردنی بووە لە ئاو خواردنەوەدا.
کۆمەڵێک لە زانایانی ئیسپانی دوا توێژینەوەی خۆیان لەبارەی دەستنیشانکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەفسانەی کۆنگفۆ "بڕوسلی" لە گۆڤاری کلینیکەڵ کیندی جۆڕناڵ بڵاوکردەوە.
تیمی توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا
ئاماژەیان بەوەداوە، بەگوێرەی ئەنجامی توێکاری تەرمەکەی بڕوسلی دەرکەوتووە هۆکاری
گیانلەدەستدانی زیادبوونی رێژەی شلەمەنیی بووە لە مێشکیدا، چونکە مێشکێکی ئاسایی کێشەکەی
هەزار و ٤٠٠ گرامە، بەڵام مێشکی بڕوسلی هەزار و ٥٧٥ گرام بووە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە
توێکارییەکەدا دەرکەوتووە، شوێنەواری ماددەی ماریخوانا لەگەدەی بڕوسلیدا بەدیکراوە،
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو مادە هۆشبەرەی بەکارهێناوە، پێشتر زانایان رایانگەیاند،
کە هۆکاری بەرزبوونەوەی شلەمەنی لە مێشکی بڕوسلیدا کاردانەوەی مێشکی بووە بەرامبەر
دەرمانی Equagesic کە
خواردوویەتی و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
توێژەران دەڵێن، دوای شیکارکردنی
سەرجەم داتا و زانیارییە بەردەستەکانی جەستەی بڕوسلی و شیوازی ژیانکردنی، دەرکەوتووە
کە بەرزبوونەوەی ئاستی شلەمەنی لە مێشکیدا هۆکارەکەی کەمبوونەوەی سۆدیۆم بووە، ئەمەش
بەجۆرێکە خەستی ئایۆناتی سۆدیم لە پلازمای
خوێندا دادەبەزێت و کەمتردەبێت لە ١٣٥ مللیمۆڵ، لیتر.
توێژەران ئەوەشیان ئاشکرا
کردووە، لە ئەنجامی توێژینەوەکەیاندا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە بەهۆی ئەوەی بڕوسلی
بڕێکی زۆر ئاوی خواردووەتەوە لەچەند مانگی کۆتایی ژیانیدا، گورچیلەکانی نەیانتوانیوە
ئاوە زیادەکە فڕێبدەنە دەرەوەی جەستە، بەمەش بەرزبوونەوەی ئاستی شلەمەنی لە جەستە
و مێشکیدا بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، چەندین
هۆکار هەن کە وا لە مرۆڤ دەکەن بڕێکی زۆر و بەشێوەیەکی نائاسایی شلەمەنی بخواتەوە
وەک تێکچوونی شێوازی نانخواردن، کە بڕێکی
زۆر خواردنەوە و پڕۆتینەکان دەخورێن و ئەمانەش دەبنە هۆی زوو تینوبوون و مرۆڤیش
ناچار دەبێت بڕێکی زیاتر ئاو بخواتەوە.
سۆدیۆم ئەلێکتریک کاری بریتییە
لە بەشداریکردن لە رێکخستنی ئاو لە ناو خانەکانی جستەدا و گۆڕینیشی رەنگە ببێتە هۆی
کەمبوونەوەی سۆدیۆم لە خوێندا جا بەهۆکارێکی پزیشکیبێت، کە ئەمەیان باوترینیانە، یان
بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاوەوەبێت. لە ئەنجامی ئەمەش، خانەکان توشی شێواندن دەبن
و بەهۆی ئەوەی ناتوانن زیادەی شلەمەنییەکە
بکەنە دەرەوەی خانەکانەوە دەبێت هۆی ئاسانی خانەکان و بەمەش چەندین نیشانەی جیاواز
دەردەکەون و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە.
توێژەران لە بەشێکی دیکەی
توێژینەوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، بەگوێرەی لێدوانی هاوسەرەکەی، بڕوسلی لە
مانگەکانی کۆتایی ژیانیدا وازی لە خواردن هێناوە و تەنها گێزەر و شەربەتی سێوی
خواردووە. ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی لەمانگەکانی نێوان ئایار و حوزەیران لە ساڵی ١٩٧٣دا
کێشی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕوسلی،
ناسراو بە پاشای کۆنگفۆ و ئەکتەری ئەمریکی لە ساڵی ١٩٧٣ و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا دوای
توشبوونی بە بەرزبوونەوەی ئاستی شلەمەنی لە مێشکیدا لە هۆنگ کۆنگ گیانی لەدەستدا و
تا ئێستاش دۆخی گیانلەدەستدانی بڕوسلی بە ناڕونی ماوەتەوە و بووەتە جێگەی سەرنجدان
و گفتوۆی زۆر و راجیاوازی لەسەری.