سەردێڕ:

کاردانەوەی ئەمریکا و تاڵیبان لەبارەی کوژرانی ئەیمەن زەواهیرییەوە

PM:01:11:02/08/2022

3656 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاڵیبان بە داڵدەدانی "ئەیمەن زەواهیری" رێککەوتنی دەوحەی پێشیلکردووە. هاوکات، وتەبێژی حکومەتەکەی تاڵیبان دەڵێت، "ئەمریکا رێککەوتنەکەی دەوحەی پێشێلکردووە و لەناو کابوڵ بە درۆن بۆردومانی ماڵێکی کردووە".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "تاڵیبان یان ناتوانێت یان نایەوێت پابەندی رێککەوتنەکەی دەوحەبێت، بەڵام ئێمە بەردەوامدەبین لە هاوکاری کردنی کۆمەکە مرۆییەکانی ئەفغانستان و مافی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان".

دەشڵێت، تاڵیبان بە داڵدەدانی "ئەیمەن زەواهیری" کەسی یەکەمی ئەلقاعیدە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان رێککەوتننامەی دەوحەی پێشێلکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، زەبیحوڵا موجاهید وتە بێژی حکومەتەکەی تاڵیبان لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی شێرپولی لە کابوڵی پایتەخت.

دەشڵێت، "بە توندی هێرشەکە سەرکۆنە دەکەین ئەم هێرشە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی دەوحەیە". بەڵام بێ ئەوەی هیچ باسی "ئەیمەن زەواهری" بکات.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە موشەکێک لە ماڵێکی چۆڵی داوە لە ناوچەی شێرپور، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ وردەکارییەکی زیاتر بدات.

"شێرپور "گەڕەکێکی دەوڵەمەندەکانی کابوڵی پایتەختە و ئێستا بەرپرسانی تاڵیبان زۆر سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.

"ئەیمەن زەواهری" تەمەن ٧١ ساڵ، لە دایکبووی قاهیرەی پایتەختی میسرە، لە پاش کوژرانی "ئوسامە بن لادن" لە ساڵی ٢٠١١ رێبەرایەتی قاعیدەی گرتەدەست. حکومەتی ئەمەریکا ٢٥ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ پاداشتکردنی هەر کەسێک زانیاری لەسەری بدات و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

دواجار، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکیدا کوژرانی "ئەیمەن زەواهیری" لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان راگەیاند کە لە ئۆپراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی و لە هێرشێکی ئاسمانی بە درۆن لە رێگەی بەکارهێنانی موشەکی "هێڵفایەر" کە لە رۆژی شەممەی پێشوو کاتژمێر ٩:٤٨ی شەو ئەنجامدراوە.













گەلەری