فیفا پشکنین دەستپێدەکات لە یاریگاکانی ئیسپانیا بۆ مۆندیال

PM:12:04:05/03/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فیفا پشکنین دەستپێدەکات لە یاریگاکانی ئیسپانیا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنیان بۆ مۆندیالی 2030.

فیفا بڕیاریداوە لە هەفتەی داهاتووەوە خولێکی یەکلاکەرەوەی پشکنین لە ناو خاکی ئیسپانیادا دەستپێبکات، ئەمەش بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئامادەیی ئەو یاریگایانەی کاندیدکراون بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2030.

فیفا دەیەوێت لە نزیکەوە دڵنیابێتەوە لەوەی دامەزراوە وەرزشییەکان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییە توندەکاندا دەگونجێن، پێش ئەوەی لیستی کۆتایی ئەو شارانە رابگەیەنێت کە شەرەفی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکەیان پێ دەبڕێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی کادینا سێری ئیسپانی، ئەم سەردانە مەیدانییانە لە نۆی ئەم مانگە دەستپێدەکەن و تاوەکو بیستی مانگ بەردەوام دەبن، کە تێیدا شاری سان سێباستیان وەک دوا وێستگەی ئەم گەشتە دیاریکراوە.

فیفا بڕیاریداوە چاوەڕێی دوای مۆندیالی 2026 نەکات و پڕۆسە کارگێڕییەکان و خەرجکردنی وەبەرهێنانەکان بۆ ئامادەکردنی 11 شارە کاندیدکراوەکە خێرا بکات، تاوەکو هەموو کارە یاسایی و تەکنیکییەکان لە کاتی دیاریکراودا تەواو ببن و ڕێگری لە هەر دواکەوتنێکی کتوپڕ بگیرێت.

بڕیار وایە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا، فیفا لیستی فەرمی ئەو شار و یاریگایانە ئاشکرا بکات کە لە وڵاتانی ئیسپانیا، مەغریب و پورتوگال میوانداری گەورەترین چالاکیی وەرزشی جیهان دەکەن.

لە ئێستادا دەرگا هێشتا واڵایە لەبەردەم شارەکانی وەک ڤالێنسیا و ڤیگۆ بۆ ئەوەی بێنە ناو لیستی کۆتایی، ئەگەر بێت و لە کاتی سەردانی لیژنەکانی پشکنیندا بتوانن هەموو مەرج و داواکارییە پێویستەکان جێبەجێ بکەن.