مۆرینیۆ: دووبارەکردنەوەی یاری پێشوو ئەستەمە

PM:10:06:16/02/2026

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆرینیۆ دوپاتیکردەوە یاری رابردوویان دووبارە نابێتەوە و پەیوەندیشی لەگەڵ پێرێزی سەرۆکی ریاڵ زۆر باشە.

خۆسێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بنفیکا پێش رووبەڕووبوونەوەی ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنز لیگ رایگەیاند، کە تیپەکەی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی نازناوەکە.

مۆرینیۆ جەختی کردەوە کە بۆ سەرکەوتن پێویستیان بە پەرجو نییە، بەڵکو تەنها پێویستیان بە ئاستێکی بەرز هەیە، چونکە بنفیکا و ریاڵ مەدرید دوو یانەی گەورەی مێژوویین.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆستایەتییەکی قووڵیان هەیە و سەرۆکی یانەی شاهانە دوای گرێبەستەکەی لەگەڵ بنفیکا پیرۆزبایی لێ کردووە.

دەربارەی دەنگۆکانی گەڕانەوەی بۆ مەدرید، مۆرینیۆ ڕایگەیاند کە هەموو توانای خۆی پێشکەش بەو یانەیە کردووە و ئێستا تەنها بیر لە سەرکەوتنی بنفیکا دەکاتەوە، هەرچەندە هیوای سەرکەوتن بۆ ئاربێلوا دەخوازێت.

مۆرینیۆ هیوای خواست هاندەرانی مەدرید لە یاریی گەڕانەوەدا تەنها سەرنجیان لەسەر تیپەکەیان بێت و ئەو لەبیر بکەن، جەختیشی کردەوە کە شکستپێهێنانی دووبارەی ریاڵ مەدرید کارێکی زۆر قورسە و یارییەکەی سێ هەفتە پێش ئێستا دووبارە نابێتەوە.