AM:11:26:11/02/2026
172 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئاراوخۆ ئاشکرایکرد ماوەی ساڵ و نیوێک خەمۆکی هەبووە و یارییەکەی
چێڵسی چارەنووسی گۆڕیووە.
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی یانەی بەرشەلۆنە، دوای ئەوەی
بەهۆی کێشەکانی تەندروستی دەروونییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە یاریگاکان
دابڕا، دواجار بە زەردەخەنەیەکی گەشەوە گەڕایەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مۆندۆ
دیپۆرتیڤۆ بە وردی باسی لەو قۆناغە سەختە کرد کە پێیدا تێپەڕیوە.
ئەستێرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری دوورکەوتنەوەی کارێکی زۆر دروست
بووە چونکە وای لێکردووە بە چاوێکی جیاواز سەیری ژیان بکات و لە ئێستادا هەست بە
ئارامی و دڵخۆشییەکی زۆر دەکات، بە تایبەت دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەیدا بەرامبەر
ئالباستێ توانی گۆڵێکیش تۆمار بکات و ئاستێکی بەرز نیشان بدات.
ئاراوخۆ بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە
بارودۆخێکی دەروونی خراپدا بووە و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بەرەو خەمۆکی بردووە، هەرچەندە
وەک بەرگریکارێکی بەهێز هەوڵی داوە خۆی ڕابگرێت بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەو
بڕوایەی کە دەبێت داوای یارمەتی لە پسپۆڕان بکات.
باسی لەوەشکرد، رووداوی دەرکرانی لە یارییەکەی چێڵسی وای لێکردووە
تێبگات کە بارودۆخەکەی گەیشتووەتە ئاستێک کە دەبێت بێدەنگی بشکێنێت، چونکە
یاریزانەکانیش پێش ئەوەی وەرزشوان بن مرۆڤن و هەموو شتێک تەنیا پارە و ناوبانگ
نییە.
لە کۆتاییدا سوپاسی پاڵپشتی
خێزانەکەی و هاندەرانی کرد و جەختی کردەوە کە ئێستا هەست دەکات کەسێکی ترە و
بەوپەڕی هێزەوە ئامادەیە چێژ لە یاریی تۆپی پێ وەربگرێتەوە.