بڕیارێکی ترەمپ هاوڵاتیانی چەندین وڵاتی سەبارەت بە مۆندیال نیگەران کردووە

PM:03:24:16/01/2026

348 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ هاوڵاتیانی چەندین وڵاتی سەبارەت بە تەماشاکردنی مۆندیالی 2026 لە نزیکەوە نیگەران کردووە.

بەهۆی بڕیارێکی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەدەغەکردنی گەشت و سنووردارکردنی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی نزیکەی 75 وڵات، هاندەرانی مۆندیالی 2026 و بەتایبەتی عەرەبەکان تووشی نیگەرانییەکی گەورە بوون.

ئەم بڕیارە وڵاتانی وەک میسر، مەغریب، جەزائیر، تونس و ئوردن دەگرێتەوە، هەروەها قەدەغەی گشتی خراوەتە سەر هاوڵاتیانی سێنیگال و کۆتدیڤوار.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بڕیارەکە تەنها ڤیزای نیشتەجێبوون واتا کۆچبەری دەگرێتەوە و ڤیزای گەشتیاری ناگرێتەوە، بەڵام داوا لە کونسوڵخانەکان کراوە وردتر بن لە پێدانی ڤیزا و هەڵسەنگاندن بۆ تەمەن، باری تەندروستی و ئاستی زمانی ئینگلیزی داواکاران بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن نابنە بارگرانی دارایی بەسەر ئەمریکاوە.

سەرۆک ترەمپ هۆکاری ئەم توندکردنەوەیەی بۆ کەموکوڕی ئەمنی لەو وڵاتانە گەڕاندەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە یاریزانان و شاندە فەرمییەکان جیاوازن و مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت.

لەگەڵ ئەم فشارانەشدا، هاندەرانی ئەو وڵاتانە هێشتا دەتوانن گەشت بکەن بۆ مەکسیک و کەنەدا کە هاوبەشن لە میوانداریکردنی مۆندیال، بۆ ئەوەی لەوێوە بینەری یارییەکان بن.