AM:11:30:08/01/2026
132 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئینریکی بە تانەوە وەڵامی ژیریی دەستکرد دەداتەوە
و رووبەڕووبوونەوەی مارسیلیاشی بە قورس ناوبرد.
لویس ئینریکی، راهێنەری ئیسپانی یانەی پاریس سان
جێرمان، پێش یاریی جامی سوپەری فەڕەنسا بەرامبەر مارسیلیا، بە توندی رەخنەی لەو
پێشبینیانە گرت کە لەلایەن ژیریی دەستکرد و چات جی پی تییەوە بۆ ئەنجامی یارییەکە
دەکرێن.
ئینریکی بە پێکەنینێکی پڕ لە تانەوە ئاماژەی بەوە
کرد کە ساڵی رابردووش کەس پێشبینی نەدەکرد پاریس ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ،
بۆیە پێویستە هەمووان بزانن کە تۆپی پێ لە نێو یاریگادا یەکلا دەبێتەوە نەک لە نێو
پرۆگرامە کۆمپیوتەرییەکاندا، جەختیشی کردەوە کە مارسیلیا ڕکابەرێکی سەختە و هەرگیز
بە ئاسانی کۆڵ نادات.
ئینریکی رەتیکردەوە کە ئەم یارییە وەک
تۆڵەکردنەوەیەک بێت بۆ ئەو شکستەی لە مانگی سێپتێمبەری رابردوو بەرامبەر تیپەکەی
دی زێربی تووشی ببوون، بەڵکو رایگەیاند کە گەیشتن بە کۆتایی خۆی گەورەترین پاڵنەرە
بۆ ئەوان و پلانەکەیان. باسی لەوەشکرد، ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی یارییەکە و
بەدەستهێنانی سەرکەوتنە بە هەر شێوەیەک بێت، چونکە لە کۆتاییدا بڕیارەکان و جووڵەی
یاریزانەکان چارەنووسی جامەکە دیاری دەکەن نەک پێشبینییە تەکنەلۆژییەکان.