AM:09:00:08/01/2026
136 جار خوێندراوەتەوە
+
-
گواردیۆلا نیگەرانە لە لەدەستدانی هەلەکان و
پێکانە درێژخایەنەکەی ساڤینیۆش پشتڕاست دەکاتەوە.
پاش یەکسانبوونی یانەی مانچستەر سیتی بەرانبەر
برایتۆن لە یاریگای ئیتحاد، پێپ گواردیۆلای راهێنەری سیتیزن رایگەیاند، تۆپی پێ
تەنها بە شایستەیی نییە و ئەنجامەکە هەرچییەک بێت دەبێت قبوڵ بکرێت، هەرچەندە ئەو
زۆر سەرسام بوو بە شێوازی یاریی تیپەکەی و ئەو وزەیەی یاریزانەکانی نیشانیاندا.
گواردیۆلا ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی سەرەکی
ئەوان لەم وەرزەدا تەنها گۆڵنەکردنە، چونکە تیپەکە هەلی زۆر و سەد لە سەد دروست
دەکات بەڵام یاریزانانی هێڵی پێشەوە ناتوانن تۆپەکە بخەنە ناو گۆڵەوە، ئەمەش
وایکردووە ئاماری گۆڵەکانیان وەک پێویست نەبێت سەرەڕای ئەوەی لە رووی بەرگرییەوە
زۆر پابەند و بەهێزن.
سەبارەت بە رکابەرییەکانی خولی ئینگلتەرا، راهێنەرە
ئیسپانییەکە جەختی کردەوە کە ئەگەر یارییەکان نەبەنەوە ناتوانن بیر لە هیچ شتێکی
تر بکەنەوە، هەروەها رەخنەی توندی لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت و وتی کە
هەژمارنەکردنی لێدانی سزا بۆ سیتی جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە دیمەنەکان زۆر ڕوون
بوون و دەبوو کارەکە بۆ ناوبژیوانان ئاسانتر بێت.
گواردیۆلا سەبارەت بە دەمەقاڵێی لەگەڵ راهێنەری
برایتۆن بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەکە پێ بوو
کاتێک رایگەیاند کە پێکانەکەی ساڤینیۆ کەمێک درێژخایەن دەبێت و پێویستی بە مانگ و
نیوێک بۆ دوو مانگ هەیە بۆ گەڕانەوە، لە هەمان کاتدا گومانی خۆی نیشاندا لەوەی لە
مێرکاتۆی زستانەدا یاریزانێکی نوێ لە شوێنی ئەو بگوازنەوە.