هیلال لەسەر داوای ئینزاگی هەوڵی گواستنەوەی ئەچێربی دەدات

AM:11:12:03/01/2026

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هیلال لەسەر داوای ئینزاگی هەوڵی گواستنەوەی ئەچێربی دەدات ئینتەریش ئامادەیە بە کانسێلۆی بگۆڕێتەوە.

نیکۆلۆ شیرای رۆژنامەنووسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، سیمیۆنی ئینزاگی راهێنەری یانەی هیلالی سعودی داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردووە فرانسیسکۆ ئەچێربی بەرگریکاری ئینتەر میلان بگوازنەوە پێکهاتەکەی.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەداوە، کارگێڕی یانە سعودییەکە لەسەر داوای راهێنەری یانەکەیان هەوڵەکانیان بەمەبەستی ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە دەستپێکردووە بە شێوازی خواستنی شەش مانگ.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەچێربی لە ئێستادا لاری نییە لە جێهێشتنی ئینتەر بەهۆی ئەوەی لەدەرەوەی پلانە سەرەکییەکانی راهێنەرە، جگە لەوەش ئارەزووی ئەوە دەکات جارێکیتر لە ژێر دەستی ئینزاگیدا یارییبکات.

لەلایەکی ترەوە، فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی وەرزشی دوپاتیکردەوە، ئینتەر لاری نابێت بە پێدانی ئەچێربی بە هیلال بەڵام لە بەرامبەردا داوای جواو کانسێلۆی بەرگریکاری راست دەکات و دەیەوێت ئاڵوگۆڕ بە هەردوو یاریزانەکە لەگەڵ یانە سعودیەکە بکات.

رونیشیکردووەتەوە، کانسێلۆ ئارەزووی رۆیشتن دەکات لە هیلال بەڵام لە ئێستادا چاوەڕێی دوایین وەڵامی یانەی بەرشەلۆنەیە و ئەگەر ئەو یانەیە هەوڵی گواستنەوەی نەدات ئەوا بە دڵنیاییەوە دەستبەجێ گرێبەست لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان ئیمزادەکات.

خ . ک