ئینفانتینۆ: لە 30 ساڵی داهاتوو دەبێت داهاتی مۆندیالی یانەکان بگاتە 200 ملیار یۆرۆ

AM:10:55:10/10/2025

128 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینفانتینۆ دوپاتیکردەوە جامی جیهانی یانەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پلانی داهاتووشیان داڕشتووە.

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی رێکخراوەکەیان لە میوانداریکردنی مۆندیالی یانەکانی ئەم هاوینە لە ئەمریکا، باسی لە پلانە گەورەکانی فیفا کرد بۆ داهاتووی پاڵەوانێتی جامی جیهانی یانەکان و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە فیفا بە نیازە ئەو کێبڕکێیە بکاتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ئابوورییەکانی مێژووی تۆپی پێ.

لە قسەکانیدا وتی: کاتێک چامپیۆنزلیگ دروستکرا، داهاتی سەرەتای تەنها 40 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە چوار ملیار یۆرۆ، ئەگەر یەکەم مۆندیالی یانەکان دوو ملیار یۆرۆی دەستکەوتبێت، پێویستە بتوانین لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا 200 ملیار یۆرۆ بەدەستبهێنین.

وتیشی: ئەم پاڵەوانێتییە سەرچاوەیەکی نوێی داهاتە بۆ یانەکان و هەوڵدەدەین ئەم ڕکابەرییە پەرەپێبدەین و گەشەی پێبدەین، لەگەڵ ئەوان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا هەوڵدەدەین، چونکە هەمووان سوودی لێوەردەگرن.

باسی لەوەشکرد، ئامادەبوونی دوو ملیۆن و 500 هەزار هاندەر لە کۆی یارییەکانی جامی جیهانی یانەکان و ئامادەبوونی نزیکەی 40 هەزار کەس لەهەر یارییەک ئاماژەپێدەری سەرکەوتنی پاڵەوانێتییەکەیە، چونکە بەپێی ئەو ژمارەیە تەنها پریمەر لیگ بینەری جامی جیهانی یانەکان زیاترە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئامانجی ئەوان ئەوەیە تۆپی پێ ببەنە هەموو شوێنێکی دونیا و هەلێکی گەورەی وەرزشی و ئابووری لە تەواوی جیهاندا درووست بکەن.