کومان: چوار گۆڵمان کرد بەڵام هێشتا لێمان رازی نین؟

AM:10:04:10/10/2025

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کومان دوپاتیکردەوە ئاستێکی باشیان پێشکەشکردووە و گرنگی بە رەخنەکان نادات.

پاش بردنەوەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە ماڵتا، رۆناڵد کومانی راهێنەری هەڵبژاردەکە رایگەیاند، چوار گۆڵیان تۆمارکردووە و باش بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرا ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەن چونکە تیپی بەرامبەریان ناڕێکخراوبوون و بەشێوەیەکی ناڕێک هێرشیان دەبرد.

وتیشی: نائومێد نەبووم، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتگەلێک هەبوون کە دەمانتوانی باشتر ئەنجامی بدەین، ئێمە بە باشی دەستمان پێکرد، هەرچەندە لە خولەکەکانی سەرەتادا هەلێکی ئاسانمان بە ماڵتا دا، بەڵام تیمبەر ئاستێکی باشی لە هێڵی بەرگری پێشکەش کرد و چەندین تۆپی گرنگی ئاڕاستەی هێرشبەرەکان کرد.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لە یارییەکەدا خاڵی ئەرێنیشییان هەبووە لەبەر ئەوەش زیاتر سەرنجی لەسەر ئەوە دەبێت نەک رەخنەکان، پێشیوایە ماڵتا لەچاو یاری پێشوو ئاستیان باشتر بووە، هەروەها لە ئاستی فریمپۆنگ و دومفرێس بەتەواوی رازییە.

کومان لە کۆتاییدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رەخنە توندانەی کە لەلایەن میدیاکانی هۆڵەنداوە لێیگیرا پاش تۆمارکردنی چوار گۆڵ و وتی: ئەوان مافی ئەوەیان هەیە رەخنە بگرن، بەڵام منیش مافی ئەوەم هەیە دیدێکی جیاوازم هەبێت.