لێدوانی مارێسکا و مۆرینیۆ پێش رووبەڕووبوونەوەیان

PM:10:21:29/09/2025

116 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مارێسکا دوپاتیکردەوە شکستەکانیان هۆکاری هەبووە و مۆرینیۆش دەڵێت: دەمانەوێت چێڵسی ببەینەوە.

پێش رووبەڕووبوونەوەی، بەنفیکا، ئینزۆ مارێسکای راهێنەری چێڵسی رایگەیاند، دەیانەوێت هەموو یارییەک بردنەوە بەدەستبهێنن، رووبەڕووبوونەوەی بەنفیکاش قورسە چونکە راهێنەریان گۆڕاوە، وە یاریکردن بەرامبەر راهێنەرێکی گەورەی وەک مۆرینیۆ هەرگیز ئاسان نابێت.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پێکانە زۆرەکانیان قورسی بۆ درووست کردوون، پێش یارییەکەش بارودۆخی، کایسیدۆ و جواو پێدرۆ و ئەندرێ سانتۆس هەڵدەسەنگێنن، دڵخۆشیشە بەبوونی ستیڤاو لە پێکاتەکەیدا چونکە بەزووی کوالێتی خۆی نیشانداوە و دەشتوانێت لە چەند پێگەیەک یاری بکات.

باسی لەوەشکرد، شکستەکانیان پێویست بە نیگەرانی ناکات چونکە لە چەند مانگی رابردوو پێنج یارییان دۆڕاندووە کە تەنها یەک یارییان بە 11 یاریزانەوە بووە، نەشیشاردەوە ماف بە هاندەرانی چێڵسی دەدات نیگەران بن چونکە خۆشی دڵخۆش نییە بە شکستەکانیان.

لەلایەکی ترەوە، مۆرینیۆی راهێنەری بەنفیکا رایگەیاند، دەزانن چێڵسی لە یاریگای خۆیدا بۆ بردنەوە یاری دەکات و هیچ ئامانجیکی تری نییە، بەڵام تیپەکەی ئەویش بێجگە لە بردنەوە بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە بە تایبەت پاش شکستەکەی یەکەمین یارییان بەرامبەر قەرەباغ.

سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ستامفۆرد بریجیش وتی: پێشتر لێرە یاریم کردووە لەگەڵ تۆتنهام و مانچستەر یونایتد، وە ئینتەر لە چامپیۆنزلیگ، لەو 90 خولەکەدا بۆ یەک چرکە بیرم لەوە نەکردەوە کە لە کوێم و بەرامبەر کێم، هەروەک لێرە دەڵێن چیتر شین نیم، سوورم و دەمەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنم.