دوو یانەی گەورە ڤلاهۆڤییچیان دەوێت

PM:07:50:29/09/2025

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بایرن میونشن و مان یونایتد هەوڵی گواستنەوەی ڤلاهۆڤیچ دەدەن و پێیانوایە دەتوانن بە نرخێکی کەم بیگوازنەوە.

گرێبەستی دوسان ڤلاهۆڤیچ لە کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یۆڤانتۆس کۆتایی پێدێت، تا ئێستاش هەنگاوی جددی نەنراوە بۆ نوێکردنەوەی، ئەمە لە کاتێکدایە لە مێرکاتۆی هاوینە یۆڤانتۆس لەبەر زۆری موچەکەی ویستی هێرشبەرە سڕبییەکە بفرۆشێت بەڵام خۆی سوور بوو لەسەر مانەوەی لە یانەکە.

ئەستێرە 25 ساڵانەکە لە سەرەتای ئەم وەرزە لەگەڵ خانمە پیرەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە سەرەڕای ئەوەی خولەکەکانی یاریکردنی کەمبووە، بە جۆرێک لە نۆ یاریدا تەنها 358 خولەک یاریکردووە، بەڵام توانیویەتی شەش گۆڵ و ئەسیستێک تۆماربکات.

لە ئێستاشدا چەند یانەیەک هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، لە نێویاندا بایرن میونشنی ئەڵمانی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەبینرێن.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی فابریزۆ رۆمانۆ، بایرن میونشن بەدوای جێگرەوەیەکی گەنجاوی هاری کەیندا دەگەڕێت بۆ ماوەیەکی درێژ و بەرپرسانی یانەکەش ڤلاهۆڤیچ بە گونجاو دەزانن چونکە تەمەنی زۆر نییە و نزیکیشە لە کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەیدا.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی لاگازیتا دیلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتدیش یەکێک لە خوازیارەکانی هێرشبەرە سڕبییەکە چونکە پێیانوایە دەتوانن بە نرخێکی کەم گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن بەهۆی نزیکی لە کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یۆڤانتۆس و دەشیانەوێت کێشی هێڵی هێرشبردنیان چارەسەر بکەن.