پاڵاوتنی مۆندیال.. پورتوگال و فەڕەنسا و ئینگلتەرا بردیانەوە و نەرویجیش مێژووی تۆمارکرد

PM:11:56:09/09/2025

256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە پاڵاوتنی مۆندیال پۆرتوگال لە هەنگاریای بردەوە و فەڕەنسا و ئینگلتەراش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، نەرویجیش 11 گۆڵی تۆمارکرد.
لە پاڵاوتنی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی هەنگاریا لە یاریگای خۆیدا میوانداری پۆرتوگالی کرد.
لە تایمی یەکەم،  کوڕانی پۆرتوگال بەتەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردبوو بەڵام لە ئەنجامی هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا لە خولەکی 21 لەڕێگای ڤارگاوە گۆڵێکیان لێ تۆمارکرا، پاش ئەوەش پورتوگالییەکان بێهیوا نەبوون و توانیان لە خولەکی 36 لە رێگای بێرناردۆ سیلڤاوە ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە و ئەو تایمەش بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە هۆی درووستبوونی لێدانێکی سزا، هەر خۆشی لە خولەکی 58 جێبەجێی کرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست، هەرچەندە لە خولەکی 84 ڤارگا گۆڵی یەکسانی خاوەن یاریگای تۆمارکرد بەڵام وەڵامی کوڕانی مارتینێز خێرابوو کاتێک لە خولەکی 86 کانسیلۆ گۆڵی سێیەم سەرکەوتنی بۆ تۆمارکردن.
بەو ئەنجامەش پۆرتوگال خاڵەکانی لە دوو یاریدا بەرزکردەوە بۆ شەش خاڵ و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی دێت.

لە یارییەکی تریشدا، فەڕەنسا میوانداری ئایسلەندای کرد و یارییەکەشیان بە بردنەوەی کەڵەشێرەکان کۆتایی پێهات بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک،  مباپێ و بارکۆلا گۆڵەکانیان تۆمارکرد.
لە ئێستادا فەڕەنسا بەکۆکردنەوەی شەش خاڵ یەکەمی کۆمەڵەکەیان گرتووە و ئایسلەنداش سێ خاڵی هەیە لە پلەی دووەم.

لەلایەکی تریشەوە، ئینگلتەرا گۆڵبارانی سڕبیای کرد و بە پێنج گۆڵی بێوەڵام لێی بردەوە و 15یەمین خاڵی لە پێنج یاریدا بەدەستهێنا.

لە یارییەکانی تریشدا، نەرویج گۆڵبارانی مۆڵدۆڤای کرد و بە ئەنجامی 11 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێی بردەوە و هالاند توانی پێنج گۆڵ و دوو ئەسیست تۆماربکات.