لە یارییەکی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
تایمی یەکەم، هەر لە سەرەتاوە یانەی شاهانە باشتر دەرکەوتن و توانیان لە خولەکەکانی 10 و 20 دوو گۆڵ لە رێگەی گۆنزالۆ و گارسیاوە تۆمار بکەن، سەرەڕای فەوتاندنی چەندین هەلی دیکەش ئەنجامی نیوەی یەکەم لە سودی مێرەنگێ کۆتایی هات.
لە تایمی دووەم، تا رادەیەک هاوسەنگی باڵی کێشا بەسەر یاریگادا، بەڵام دوای چەندین گۆرانکاری رووداوەکان کەوتنە کۆتا خولەکەکان.
دۆرتمۆند لە خولەکی سێی کاتی زیادکراودا ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام ریاڵ مەدرید رێگای بە هیوای یانە ئەڵمانییەکە نەدا و کیلیان مباپێ دوای تێپەڕینی یەک خولەک گۆڵی سێیەمی بە یانە ئیسپانییەکە بەخشی، دواتر و لە هێرشێکی راستەوخۆ زەردەواڵەکان لێدانی سزایان بۆ هەژمارکرا و دین هاوسنی بەرگریکاری ریاڵ مەدرید بە کارتی سور کرایە دەرەوەی یاریگا.
گویراسی لێدانە سزاکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد، بەڵام کات بواری نەدا ئەنجامی یارییەکە یەکسان بکەنەوە.
سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.
بەم ئەنجامە ریاڵ مەدرید گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی و لەو قۆناغەدا رووبەرووی پاریس سان جێرمان دەبێتەوە، دۆرتمۆندیش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.