سپالێتی و ناگلیسمان پاش یارییەکەیان چییان وت؟

PM:12:00:21/03/2025

92 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سپالێتی نەیشاردەوە كێشەیان لە تۆپە بەرزەكاندا هەیە و ناگلیسمانیش دەڵێت دەمانتوانی گۆڵی زیاتر تۆماربكەین.

پاش دۆڕانیان بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سپالێتی راهێنەری ئیتاڵیا وتی: لە هەندێک ساتدا ڕیتمێکی گونجاومان نەبوو بۆ یاریکردن، لەکاتێکدا ئەڵمانیا زۆر یەکگرتووتر بوو، لە چەند دیمەنێکدا باجی قورسمان دا بۆ هەڵەکانمان.

باسی لەوەشكرد، ئەڵمانییەكان باڵایان لە یاریزانەكانی ئەوان بەرزترە و هەر ئەوەش وایكردووە كێشەیان بۆ درووست بێت لە تۆپە بەرزەكاندا، ئەو جۆرە گۆڵانە بوونەتە كێشەیان بۆیان و دەبێت هەوڵی چارەسەركردنی بدەن.

راشیگەیاند، یاری داهاتوو دەچنە ئەڵمانیا و بە تەواوی هێزی خۆیانەوە یاری دەكەن و پاشان چاوەڕێ دەكەن تا بزانن چی روودەدات.

لەلایەكی ترەوە، ناگلیسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رایگەیاند، زۆر دڵخۆشە پاش ئەوەی بە گۆڵێك لە دوا بوون گەڕاونەتەوە نێو كەشی یارییەكە و یاریزانەكانیان ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردووە، پێشیوایە دەیانتوانی لە تایمی دووەم گۆڵی زیاتر تۆماربكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لیۆن گۆرێتزگا پاش گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەكە یارییەكی زۆر باشی ئەنجامداوە و لە رووی بەرگری و ئامادەبوونی لە ناوچەی سزاوە بە نایابی دەركەوتووە.

وتیشی: هاندەرەکانمان لێرە زۆر بە جۆش و خرۆش بوون، هیوادارم ڕۆژی یەکشەممە هێندەی تر بە جۆش و خرۆش بن، ئێمەش لە یاریگای خۆماندا یارییەكە ببەینەوە و ئاهەنگ بگێڕین بۆ سەرکەوتن.