چامپیۆنز لیگ.. ریاڵ مەدرید بەسەر پشتی ئەتلەتیکۆ گەیشتە چارەکی کۆتایی

AM:02:08:13/03/2025

524 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە چامپیۆنز لیگ ریاڵ مەدرید بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە ئەتلەتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ئارسناڵ و ئەستۆن ڤێلاش گەیشتنە هەمان قۆناغ.

لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنز لیگ، لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ دێربی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە نێوان ئەتلەتیکۆ مەدرید و ریاڵ مەدرید بەڕێوەچوو.

تایمی یەکەم، لەگەڵ دەستپێکی یارییەکە و لە چرکەی 27 ئەتلەتیکۆ گۆڵی یەکەمی لە رێگەی گالاگێر تۆمارکرد، نیوەی یەکەمیش بەو تاکە گۆڵە کۆتایی هات.

لە تایمی دووەمدا، لە خولەکی 70 ڤینیسیۆس لێدانی سزای لەدەستدا، دوای ئەو لێدانەش تا کۆتایی هەردوو یانە ترسێکی زۆریان پێوەدیاربوو، لەبەر ئەوە هیچ گۆڵێک لەو تایمەدا تۆمار نەکرا، هەرچەندە رۆخیبلانکۆس گۆڵێکی هەبوو بەڵام بە ئەنجامی هەردوو یاریی ئەنجامەکە یەکسانبوو، یارییەکەش چووە دوو تایمی زیادکراو.

 لە هەردوو تایمی زیادکراودا گۆڕانکرای لە دۆخی راستەقینەی یارییەکە بەدینەکرا و ناوبژیوان بەناچاری پەنای بردە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان.

لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان سەرەتا ئەلڤارێز لە ئەتلەتیکۆ و  ڤازکێز لە ریاڵ مەدرید لەدەستیاندا، بەڵام لەبەرامبەردا لۆرێنتیش گۆڵی بۆ تیپەکەی سیمیۆنی نەکرد و یارییەکە لە سودی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.

بەو ئەنجامە یانەی شاهانە گەیشتە چارەکی کۆتایی و لەو قۆناغە رووبەڕووی ئارسناڵی ئینگلیزی دەبێتەوە کە بە بردنەوە لە ئایندهۆڤنی هۆڵەندی گەیشتە هەمان قۆناغ.

لە یارییەکی دیکەشدا ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی بە ئەنجامی دوو یاری توانت شەش بە یەک شکستی بە کلوب بروجی بەلجیکی بهێنێت و بلیتی چارەکی کۆتایی بەدەستبهێنێت، لەو قۆناغەدا تیپەکەی ئۆنای ئیمری بەرامبەر پاریس سان جێرمانی فەرەنسی یاریی دەکات.
بیلال کاکە