فیفا بەنیازە ژمارەی هەڵبژاردەکانی مۆندیال بکات بۆ 64 هەڵبژاردە

PM:05:30:06/03/2025

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فیفا بەنیازە ژمارەی هەڵبژاردەکانی مۆندیال لە مۆندیالی 2030 یان 2034 فراوانتر بکات بۆ 64 هەڵبژاردە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، یەکێتی تۆپی پێی جیهان بەنیازە ژمارەی هەڵبژاردەکانی مۆندیال لە 48 هەڵبژاردەوە بۆ 64 هەڵبژاردە بەرز بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە وابڕیارە مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار لە مێژوودا بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە بچێت.

رۆژنامە ئەمریکییەکە راشیگەیاندووە، هێشتا دیار نییە فیفا بەنیازە لە مۆندیالی 2030 یان 2034 ئەم بیرۆکەیەی جێبەجێ بکات، کە مۆندیالی 2030 لەلایەن مەغریب و پۆرتوگاڵ و ئیسپانیا میوانداریی دەکرێت، ئەگەر لەو مۆندیالە ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکان بکرێتە 64 هەڵبژاردە، ئەوا ئۆرۆگوایش وەکو چوارەم وڵات بۆ میوانداریکردنی مۆندیالەکە ئەگەری هەیە رابسپێردرێت.

مۆندیالی 2022 دوایین وەشان بوو بە بەشداریی 32 هەڵبژاردە بەڕێوە بچێت، کە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی پاش زیاتر لە 35 ساڵ لەنێو خاکی قەتەڕ دووبارە بووە پاڵەوان.