ئایا ڤاڵڤێردی پێکانی هەیە؟

PM:09:11:06/03/2025

144 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤاڵڤێردی پێکانی هەیە و بە تەنیا لە هۆڵی وەرزشی مەشقی کردووە تا بتوانێت لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنز لیگ ئامادەبێت.
بەگوێرەی پێگەی فەرمی یانەی ڕیاڵ مەدرید، فیدی ڤاڵڤێردی لە مەشق و ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکاندا ئامادەنەبووە، بەو پێیەی بەشداری ڕاهێنانە تایبەتەکانی لە هۆڵی وەرزشی کردووە، ئەمەش مانای وایە کە تووشی هەندێک ئازار بووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە ئەمە کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەکە ناچار بکات بەرامبەر ڕایۆ ڤاییکانۆ پشووی پێبدات، بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئامادەبێت بۆ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ڕۆخیبلانکۆس.
ئەمە لە کاتێکدا یاریزانە ئۆرۆگواییەکە هەستی بە ئازاری ماسولکەکانی کردووە و پێش دێربی لە سێ یاریدا بەشداری نەکردووە، بۆیە بەرنامەیەکی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەو کێشانە ڕزگاری بێت و بەبێ ئازار یاری بکات، وەک ئەوەی بەرامبەر مانچستەر سیتی و ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕوویدا.
جیا لە پێکانی ڤاڵڤێردی ریاڵ مەدرید بەدەست ئامادەنەبوونی دانی سیبایۆس و ڤایخۆ و ئیدێر میلیتا و دانی کارڤاخال دەناڵێنێت، بەڵام تواناکانی جود بێلینگهامی بۆ دەگەڕێتەوە کە بەهۆی سزادانەوە راگیرابوو.

بیلال کاکە