رۆناڵدۆ تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ

PM:04:59:04/02/2025

288 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ، ئەستێرە مێژووییەکەی تۆپی پێ تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ و تا ئەم ساتەش بەردەوامە لە تۆمارکردنی گۆڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە پێنجی مانگی شوبات تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ بەڵام ئەو یاریزانە بەردەوام تینوی یاریکردنە و پارێزگاری لە توانا جەستەییەکەی کردووە

رۆناڵدۆ تا ئەم ساتە لە 1261 یاریدا 923 گۆڵی لە کاروانە وەرزشیەکەیدا تۆمارکردووە کە زۆرترینە لە مێژووی تۆپی پێدا و ئامانجیشی ئەوەیە ژمارەی گۆڵەکانی بۆ هەزار گۆڵ زیادبکات، جگە لەوەش خاوەنی 257 ئەسیستە.

کریستیانۆ 135 گۆڵی بە درێسی هەڵبژاردەی پورتوگالەوە تۆمارکردوە، لەگەڵ یانەکانیش 450 گۆڵی بۆ ریاڵ مەدرید و 145 گۆڵی بۆ مانچستەر یونایتد و 101 گۆڵی لەگەڵ یۆڤانتۆس و 87 گۆڵی بۆ نەسڕ و پێنج گۆڵی بۆ سپۆرتینگ تۆمارکردووە.

لە ئێستادا ئەو یاریزانە بە هیچ شێوەیەک بیری لەوە نەکردووەتەوە بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت و دەیەوێت بەردەوامبێت تا بتوانیت چەند ئامارێکی تر بشکێنێت لە کاروانە وەرزشیەکەیدا.

رۆناڵدۆ 34 نازناوی بەدەستهێناوە لە ژیانی تۆپی پێیدا کە دوو نازناویان لەگەڵ هەڵبژاردوی پورتوگالە، 16 نازناو لەگەڵ ریاڵ مەدرید و نۆ نازناو لەگەڵ مانچستەر یونایتد، هەروەها پێنج نازناو لەگەڵ یۆڤانتۆس و لەگەڵ نەسڕ و سپۆرتینگیش خاوەنی 1 نازناوە

کریستیانۆ باشترین ساتی یاریکردنی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بووە و گۆڵکاری مێژوویی ئەو یانەیە بە تۆمارکردنی 450 گۆڵ لە 438 یاریدا، کە 18 گۆڵیان بەرامبەر بەرشەلۆنە بووە لە کلاسیکۆدا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم یاریزانە لەگەڵ هەڵکشانی تەمینیشیدا بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات تەمەن لە لای ئەو تەنها ژمارەیە و ڕکابەری یاریزانە لاوەکان دەکات.

خ . ک