سێشەممە چامپیۆنز لیگ دەستپێدەکاتەوە

PM:03:18:20/01/2025

6932 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دوای راوەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگ جارێکیتر یارییەکانی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنز لیگ دەستپێدەکاتەوە و چارەنووسی چەندین یانە یەکلادەبێتەوە.

سێشەممە نۆ یاری ئەم قۆناغە بەرێوەدەچن و لە کاتژمێر 11، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی بەنفیکای پورتوگالی.

بەرشەلۆنە لەم وەرزەی جامپیۆنز لیگدا تا ئیستا شەش یاری ئەنجامداوە و خاوەنی پێنج بردنەوەیە لەگەڵ یەک شکست، 21 گۆڵی تۆمارکردووە کە بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە و تەنها حەوت گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

بەرشەلۆنە کە لە ئێستادا بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدایە و دەیەوێت بە بردنەوەی ئەو یارییە زیاتر نزیک بێتەوە لە گەیشتن بە قۆناغی 16 تا لە کۆتا جەولەدا رووبەرووی کێشە نەبێتەوە، لە بەرامبەردا بەنفیکاش دەیەوێت بە بەدەستهێانی سێ خاڵی ئەو یاریە بچێتە هەشت پلەی یەکەمی ئەم قۆناغە.

بەرشەلۆنە و بەنفیکا لە مێژوودا نۆ جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە کەتەلۆنیەکە لە سێ یاریدا براوە بووە و هەشت گۆڵی تۆمارکردووە، بەنفیکاش دوو بردنەوەی هەیە و حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و لە چوار یاریدا یەکسانبوون.

لە هەمان کاتدا، یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە یاریگای خۆیدا رووبەرووی یانەی لیلی فەرەنسی دەبێتەوە.

لیڤەرپول لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا 18 خاڵی هەیە لە شەش یاریدا و پێویستی بە تەنها یەک خاڵە تا گەیشتن بە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتییەکەدا مسۆگەر بکات، 13 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها یەک گۆڵی لێکراوە.

لە یارییەکانی تریشدا، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی میوانداری بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەکات و یۆڤانتۆسی ئیتاڵیش رووبەڕووی کلوب بروج دەبێتەوە، بروسیا دۆرتمۆند و ئەتلانتا و ئەستۆن ڤێلاش بەرامبەر بەرامبەر بۆڵۆنیا و شتۆرم گراتس و مۆناکۆ یاریدەکەن.

خ . ک