مۆتا و کۆنسێساو دوای یارییەکەی نێوانیان چییان وت؟

AM:10:00:19/01/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تیاگۆ مۆتا نەیشاردەوە هەمیشە کاردەکەن بۆ باشتربوونیان و کۆنسێساو دەڵێت دەبێت عەقڵیەت و شێوازی یاریزانانی میلان بگۆڕم.

پاش یاری نێوان یۆڤانتۆس و ئەی سی میلان، راهێنەری هەردوولا لێدوانی خۆیان لەسەر یارییەکە خستەڕوو.

لە سەرەتادا تیاگۆ مۆتای راهێنەری یۆڤانتۆس رایگەیاند، تیپەکەی کەمتر هەڵەی ئەنجامداوە بە بەراورد بە دوایین یاری بەرامبەر ئەتالانتا، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێبەخشیون بەهێز دەربکەون.

وتیشی: بردنەوەی یارییەکانی وەک ئەمانە بەڕێکەوت نییە، لە هەموو ساتێکدا زۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئاستە پێشکەش بکەین کە بەرامبەر میلان پێشکەشمان کرد بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

دوپاتیشیکردەوە، ویستیان زۆر شەڕانگێز بن و ڕێگە نەدەن میلان خاوەنی تۆپ بێت، بەتایبەت گۆڵچییەکەیان، چونکە توانای دۆزینەوەی هاوڕێکانی هەیە بۆ ئەوەی پاسیان بۆ بگوازێتەوە و هێرش بنیات بنێن.

لە بەرامبەردا سێرجیۆ کۆنسێساوی راهێنەری میلان رایگەیاند، تایمی یەکەم هاوسەنگ بوو، چەندین هەلی گۆڵکردنیان ڕەخساند، بەڵام لە تایمی دووەمدا یۆڤانتۆس برسیتر دەرکەوت.

روونیشیکردەوە، ئەمە ژیانە و ئەمە یاری تۆپی پێیە و دەبێت بەردەوام خواستت بۆ بردنەوە هەبێت، ئەمەی بینی تازە نەبووە بۆی، لەبەر ئەوە دەبێت عەقڵیەت و شێوازی یاریزانانی میلان بگۆڕێت.

جەختیشیکردەوە، بەرپرسیاریەتی شکستەکە لە ئەستۆ دەگرێت، تیپەکەش لاوز نییە و لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باشە، لەبەر ئەوە هەوڵ بۆ باشتربوون دەدەن.
بیلال کاکە