PM:09:27:30/12/2024
384 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ریاڵ مەدرید داوای لە دەیڤز کردووە گە ئۆفەرەکانی بایرن رازینەبێت و تا هاوینی داهاتوو ئارام بگرێت.
لە ماوەی رابردوودا رۆژنامەکان بڵاویانکردەوە، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بەردەوام چاودێری ئەلفۆنسۆ دەیڤزی کەنەدی و بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کردووە.
لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشكرایکردووە، بەرپرسانی یانەی شاهانە بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ئەلفۆنسۆ دەیڤزدا کردووە.
مارکا دوپاتیکردووەتەوە، کارگێڕی یانەی شاهانە داوایان لە بەرگریکارە کەنەدیەکە کردووە بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی ئۆفەرەکانی بایرن میونشن کە دەیانەوێت گرێبەستەکەی نوێبکەنەوە و رازی نەبێت.
راشیگەیاندووە، ئامانجی ریاڵ مەدرید ئەوەیە هاوشێوەی گواستنەوەی کیلیان مباپێ گرێبەست لەگەڵ دەیڤزدا بکەن و بە هیچ داواکارییەکی یانەکەی رازی نەبێت تا ئەو کاتەی ئەوان دەتوانن گفتوگۆی فەرمی لەگەڵدا ئەنجامبدەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، کێبڕکێیەکی بەهێز هەیە بۆ گواستنەوەی دەڤیز بە هۆی ئەوەی هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و بەرشەلۆنەش هەمان یاریزانیان دەوێت بەڵام بەرگریکارەکەی کەنەدا خەونی ئەوەیە درێسی ریاڵ مەدرید بپۆشێت لە ساڵانی داهاتوودا.
خ . ک