چوارشەممە نۆ یاری چامپیۆنز لیگ بەڕێوەدەچن

PM:04:26:10/12/2024

312 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قۆناغی یەکەمی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و نۆ یاری تری جەولەی شەشەمی ئەو قۆناغە بەڕێوەدەچن.

چوار شەممە، لە یارییەکی بەهێزدا و لە کاتژمێر 11ی شەودا، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی.

بەرشەلۆنە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا تا ئێستا 12 خاڵی هەیە لە پێنج یاریدا بە چوار بردنەوە و شکستێک، 18 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا پێنج گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

یانە کەتەلۆنیەکە لەو یارییەدا ئامانجی ئەوەیە پێنجەم بردنەوەی بەدوای یەک بەدەستبهێنێت لە پاڵەوانێتییەکەدا تا زیاتر نزیکبێتەوە لە گەیشتن بە قۆناغی 16، بروسیا دۆرتمۆندیش خاوەنی 12 خاڵە و دەیەوێت بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی ئەو یارییە بچێتە پلەکانی پێشتری ریزبەندی.

بەرشەلۆنە و دۆرتمۆند لە مێژوودا چوار جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە لە پاڵەوانێتییە فەرمییەکاندا، یانە کەتەلۆنییەکە لە دوو یارییدا براوە بووە و شەش گۆڵی تۆمارکردووە، دۆرتمۆندیش هیچ بردنەوەیەکی نییە و تەنها دوو گۆڵی کردووە، لە دوو یاریشدا یەکسانبوون.

لە یارییەکی بەهێزی تریشدا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی کە بارودۆخی خراپە لە چامپیۆنز لیگدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و هەردوو یانەکەش خاوەنی هەشت خاڵن لە پێنج یاریدا.

مان سیتی و یۆڤانتۆس لە مێژوودا شەش جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، خانمە پیرەکە لە سێ یاریدا براوە بووە و حەوت گۆڵی تۆمارکردووە، یانە ئینگلیزیەکەش یەک بردنەوەی هەیە و چوار گۆڵی کردووە، لە دوو یاریشدا یەکسانبوون.

لە یارییەکانی تریشدا، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای خۆیدا میوانداری مۆناکۆی فەرەنسی دەکات و دەیەوێت ژمارەی خاڵەکانی بۆ 13 خاڵ زیادبکات، ئە سی میلانی ئیتاڵیش لە سان سیرۆ میوانداری زڤیزدای سڕبی دەکات.

لە کاتژمێر هەشت و 45 خولەکیشدا، ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کە تا ئێستا نۆ خاڵی هەیە لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی براتیسلاڤا دەبێتەوە و ئامانجی ئەوەیە بەردەوامی بدات بە ئەنجامە باشەکانی چەند هەفتەی رابردووی.

خ . ک