ماسکیرانۆ وەک راهێنەری ئینتەر میامی دیاریکرا

PM:11:55:26/11/2024

132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ماسکیرانۆ وەک راهێنەری ئینتەر میامی دیاریکرا و خۆشحاڵی خۆشی بە چوونی بۆ یانەکە دەربڕی.

دوای رۆشتنی لەناکاوی تاتا مارتینۆ هەرزوو ناوی چەند بەربژێرێک هاتنە نێو میدیاکانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ئینتەر میامی، بەهێزترینیشیان چاڤی هێرناندێز و خاڤیێر ماسکیرانۆ بوون، لە کۆتاییدا یانەکە راهێنەرە ئەرجەنتینیەکەیان بە پرۆژەکەیان رازیکرد و پۆستەکەیان پێدا.

لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس یانەی ئینتەر میامی وەک ئەفسانەیەکی ئەرجەنتین و بەرشەلۆنە ناوی ماسیکرانۆیان هێناوە و وەک راهێنەری نوێ ناساندیان و تا 2027 سەرپەرشتی یانەکە دەکات.

پاش بوونی بە راهێنەری یانەکەش ماسکیرانۆ وتی: شانازییە بۆ من کە سەرکردایەتی یانەیەکی وەک ئینتەرمیامی بکەم و هەوڵ دەدەم زۆرترین سوودی لێ وەربگرم، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم لەگەڵ هاوکارەکانم لە میامی کاربکەم بۆ یارمەتیدانی یانەکە بۆ گەیشتن بە لووتکە و دروستکردنی ساتی لەبیرنەکراوی زیاتر بۆ هاندەران.