لێدوانی ئەنچیلۆتی و سلۆت پێش روبەڕوبوونەوەیان

PM:11:25:26/11/2024

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنچیلۆتی دوپاتیکردەوە یارییەکەیان قورس دەبێت و سلۆتیش ریاڵ مەدریدی بەباشترین یانەی چەند ساڵی رابردوو ناوبرد.

پێش روبەڕوبوونەوەی لیڤەرپول کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یاری نێوان ریاڵ و لیڤەر هەمیشە سەرنجڕاکێش بووە و یارییەکی جیهانییە، دەبێت ببینن کام یانە لە یاریگادا ئاستێکی باش پێکەش دەکەن و براوە دەبن.

باسی لەوەشکرد، ڤینیسۆس بە زووی دەگەڕێتەوە و پێویستیش ناکات ئامۆژگاری ئەو بکەن سەبارەت بە گۆرانکاری پێکردنی یاریزانان چونکە خۆی شارەزایە و زیاتر لە 1300 یاری بەڕێوەبردووە.

وتیشی: یاری پێشوو ڤاڵڤێردی نایاب بوو بەڵام ئەگەر بارودۆخی ڤاسکێز بۆ یاریکردن گونجاوبێت ئەوە لە بەرگری چەپدا یاری بەو دەکەم، ناشمەوێت قسە لەسەر ئاڕنۆڵد بکەم چونکە یاریزانی ئێمە نییە.

لەلایەکی تریشەوە ئارنی سلۆتی راهێنەری لیڤەرپول وتی: ریاڵ مەدرید دەتوانێت بە چەندین شێوازی جیاواز یاری بکات و بردنەوە بەدەستبهێنێت، هەمیشە ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ بردنەوەی یاری و گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، سەرەڕای ئەوەی ئەوان یاریزانی درەوشاوەیان هەیە، بەڵام ئێمەش یاریزانی نایاب لە پێکهاتەکەماندایە و بە پەرۆشین بۆ روبەڕوبونەوەیان.

باسی لەوەشکرد، بەدوای تۆڵەکردنەوە نین لە ریاڵ و کاتێک راهێنەری فاینۆردیش بووە یانەکەی مەدریدی وەک نموونە بۆ یاریزانەکانی دەهێنایەوە بەهۆی جۆراوجۆری شێوازی یاریکردنیانەوە، وە ریاڵ باشترین یانەی جیهانە لە ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵی رابردوو.