سزای هاندەران دەدرێت بچنە نێو یاریگاکان لە یۆرۆ

AM:09:33:24/06/2024

352 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا سەبارەت بە چوونە ناوەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دوای ڕووداوە سەیرەکانی یارییەکەی نێوان تورکیا و پورتوگال لە هەفتەی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2024، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەنیازە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی یاریگاکان زیاتر بکات.

لە یاری نێوان تورکیا و پورتوگالدا نزیکەی شەش هاندەر هەوڵیاندا سێڵفی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بگرن بە چوونە ناو یاریگا، ئەمەش سوپەرستارەکەی پورتوگالی توڕە و وایکرد ئارامی لێببڕێت.

لەو بارەیەشەوە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەدا: لە یارییەکانی داهاتووی یۆرۆی 2024دا ڕێوشوێنی ئەمنی زیاتر لە یاریگاکانی ئەڵمانیا دەگیرێتەبەر، هەر چوونە ژوورەوەیەک بۆ ناو یاریگا و پێشێلکردنی یاساکان دەبێتە هۆی دەرکردنی ئەو کەسە لە یاریگاکە و قەدەغەکردنی چوونە ناو یاریگا بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها تۆمارکردنی دۆسیە بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی.

دوای یارییەکەی نێوان تورکیا و پورتوگال، خەڵکێکی زۆر ڕەخنەیان لە بەرپرسانی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەڵمانی گرت بەهۆی خراپی ئاسایشی یاریگەکانەوە، تەنانەت یەکێتی تۆپی پێی پورتوگالیش داوای ئاسایشی زیاتری کرد ئەمەش دواجار وایکرد یوفا کاردانەوەی هەبێت و بەڵێنی باشترکردنی لایەنی ئەمنی بدات.