PM:03:38:22/12/2022
1312 جار خوێندراوەتەوە
+
-
گالتییە ستایشى زوو گەڕانەوەى مباپێ بۆ تیپەکەى دەکات و هۆکارى زوو
گەڕانەوەکەشى ئاشکراکرد.
دواى سێ ڕۆژ لە دۆڕاندنى هەڵبژاردەى فەڕەنسا بەرامبەر هەڵبژاردەى ئەرجەنتین
لە یارى کۆتایى جامى جیهانى 2022ى قەتەر، کیلیان مباپێ پەیوەندى بە مەشق و
ڕاهێنانەکانى یانەى پاریس سان جێرمانى فەڕسیەوە کردەوە.
کریستۆف گالتییەى ڕاهێنەرى یانە پاریسیەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵى فەرمى
تیپەکەى دەڵێت "دڵخۆشم بە بینینى مباپێ، ئاستێکى گەورەى لە مۆندیالدا
پێشکەشکرد، ئەم گەڕانەوەیە ئاماژەیەکى بەهێزە بۆ هەموان".
گالتییە پێیوایە لەوانەیە مباپێ بێهیوا بووبێت بەهۆى بەدەستنەهێنانى
نازناوى مۆندیالەوە، ئەگەر چى خەڵاتى پێڵاوى ئاڵتونى وەک گۆڵکارى جامەکە بە
تۆمارکردنى هەشت گۆڵ بەدەستهێناوە، بەڵام تەنیا ویستوویەتى بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى زۆر
بەخێرایى لەگەڵ هاوکارەکانى یەکبگرێتەوە.
گالتییە دەشڵێت "مباپێ دەیەوێت ئامادەکارى بۆ هەڵسەنگاندنە گرنگەکان و
قۆناغى یەکلاکەرەوەى ئەم وەرزە بکات، بۆیە زوو گەڕاوەتەوە، ئێمەش بە بینینەوەى
دڵخۆشین".
مباپێى 24 ساڵ دواى 24 کاتژمێر لە یادى لەدایکبوونى، چوارشەممە پەیوەندى بە
ڕاهێنانەکانى پى ئێس جییەوە کردەوە، بۆ تێپەڕاندنى خەمى لەدەستدانى جامى جیهانى
2022ى قەتەر، کە یەکشەممەى ڕابردوو یارى کۆتایى جامەکە لە یاریگاى لوسەیل
ئەنجامدرا.
گ . ف