PM:10:53:20/01/2025
180 جار خوێندراوەتەوە
+
-
مانچستەر سیتی چاوی لە گواستنەوەی رافینیایە و بەرشەلۆنەش داوای 100 ملیۆن یۆرۆ
دەکات.
مانچستەر سیتی لەم وەرزەدا تووشی ئاستەنگییەکی زۆر بوەتەوە و چەندین یاریزانی
بەهۆی پێکانەوە لەدەستداوە، ئەمەش وایکرد یانەکە تووشی قەیرانێکی قوڵ ببێت و بۆ چارەسەرکردنیشی
لە زستانەدا چەند گرێبەستێک واژۆبکات.
سیتی لە ئێستادا گرێبەستی عەبدولقادر خوسانۆڤی راگەیاندووە، وە نزیکە لە یەکلایکردنەوەی
گرێبەستی هەردوو یاریزان، عومەر مەرمووش لە ئینتراخت فرانکفۆرت و ڤیتۆر رێیس لە
پاڵمارێس.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی تۆڕی ئێل ناسیۆناڵیش، یانەکە چاوی لە گواستنەوەی یاریزانی
زیاترە و پیپی راهێنەریش بە تایبەتی داوای گرێبەستکردنی لەگەڵ رافینیای یاریزانی
بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی بەڕازیل کردووە.
خواستی سیتی بۆ گواستنەوەی رافینیا نوێ نییە، هاوینی 2023یش لەسەردەمی
راهێنەرایەتی چاڤی هێرناندێز، کاتێک یاریزانەکە بارودۆخی نادیاربوو هەوڵی گرێبەستکردنیان
لەگەڵیدا دا.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەکەی کەتەلۆنیا ئامادەنییە بە کەمتر
لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەستێرە تەمەن 28 ساڵانەکەی بێت چونکە لەم وەرزەدا وەک
یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی یانەکە خۆی نیشانداوە.