نەورۆز لە تەڵەبەى بردەوە و زاخۆ و سناعەش یەکسانبوون

PM:07:01:09/06/2022

612 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولى نایابى عێراق، نەورۆز بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە تەڵەبەى بردەوە و زاخۆ و سناعەش یەکسانبوون.

لە دوایین یارییەکانى هەفتەى 35ى خولى نایابى تۆپى پێى عێراق، یانەى نەورۆز لە یاریگاى خۆیدا، میواندارى یانەى تەڵەبەى کرد.

نەورۆزى خاوەن یاریگا و هاندەر بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر یارییەکەى لە سودى خۆى کۆتایى پێهێنا و تاکە گۆڵەکەش ئاسۆ ڕۆستەم لە خولەکى 55دا بە لێدانى سزا تۆماریکرد.

لە یارییەکى ترى هەمان هەفتەدا، یانەى زاخۆ لە یاریگاى زاخۆى نێودەوڵەتى، بەرامبەر یانەى سناعە یاریکرد و یارییەکەش بە یەکسانى و بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایى هات.

بەم ئەنجامانە، نەورۆز بەکۆکردنەوەى 48 خاڵ سەرکەوتنى بۆ پلەى هەشتەمى ڕیزبەندى خولەکە بەدەستهێنا و تەڵەبەش بە 66 خاڵ لە پلەى دووەمدایە، هاوکات زاخۆ بە 45 خاڵ لە پلەى 10یەمدا مایەوە و سناعەش بە 36 خاڵ سەرکەوت بۆ پلەى 16یەم.

ئاسۆ ڕۆستەمى هێرشبەرى نەورۆز بە 18 گۆڵ لە پلەى دووەمى گۆڵکارانى خولى نایابى عێراقدایە و بەجیاوازى سێ گۆڵ لە دواى مەحمود ئەلمەواسى هێرشبەرى یانەى شوڕتەوەیە.

گ . ف